ئەمریکا خاڵی پشکنینەکان بۆ ئەمریکییە بە رەگەز ئێرانییەکان توندوتۆڵ دەکات


رووداو - هەولێر

ئەو ئەمریکییانەی بەرەچەڵەک ئێرانین و لە ئەمریکا دەژین، لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و بۆ راگەیاندنە بیانییەنان گلەیی و گازندە لە ئیدارەی ترەمپ دەکەن و دەڵێن کاتێک دەیانەوێت لەنێوان کەنەدا و ئەمریکاوە هاتووچۆ بکەن، دەیانوەستێنن و بۆ چەندین کاژێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
 
نیگا حیکمەتی، کەسێکی بەرەگەز ئێرانییە و دەڵێت، خۆی و مێردەکەی و دوو منداڵەکەی گەیشتوونەتە سەر سنووری ئەمریکا و کەنەدا، ویستوویانە بگەڕێنەوە ویلایەتی واشنتن، کاتێک سەیری ناسنامەکەیان کردوون کە لەسەری نووسراوە بەرەچەڵەک ئێرانییە، ئۆتۆمبێلەکەیان وەستاندوون و هەرچواریان بردوونەتە ژوورێک بۆ ماوەیەک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردوون.
 
نیگا حیکمەتی یەکێکە لەو 60 ئەمریکییە بەرەچەڵەک ئێرانییەی  بۆ راگەیاندنەکانی ئەمریکا قسەیان کردووە و  پێیانوایە لەلایەن ئەفسەرانی لێکۆڵەرەوە هەراسانکراون.
 
ئەمریکا لە هەموو روویەکەوە رێوشوێنی تووندی گرتووەتە بەر و ئامادەکاریی باشی پێوە دیارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە وەکو تۆڵەکردنەوە لەبەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی کە رۆژی هەینی لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس لە فرۆکەخانەی بەغدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج.