چوار ژنی کورد لە لیستی 100 کاریگەرترین ژنی جیهاندان


رووداو دیجیتاڵ

ناوی چوار ژنی کورد لە لیستی 100 کاریگەرترین ژنی جیهان لە ساڵی 2022ـدایە.
 
ئەمڕۆ دامەزراوەی پەخشی بەریتانی - بی بی سی ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهان بۆ ساڵی 2022ـی بڵاوکردەوە و ناوی دوو هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دوو هاونیشتمانیی خەڵکی باشووری کوردستانی تێدایە. 
 
ناوی زارا محەممەدی، مامۆستای دەستبەسەرکراوی زمانی کوردی لە سنە و روئیا پیرایی، کچی مینۆ مەجیدیی کرماشانی لە لیستی 100 ژنی کاریگەری جیهاندایە.
 
زارا محەممەدی، کچە چالاکڤانی خەڵکی سنە کە مامۆستای زمانی کوردییە، ساڵی رابردوو لەلایەن دادگەی سنەوە سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا لە گرتووخانەیە.
 
روئیا پیرایی، کچی مینوو مەجیدییە، دایکی لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.
 
روئیا کاتێک ناوبانگی دەرکرد کە لەسەر گۆڕی دایکی قژی بڕاوی بەدەستەوە بوو و بەشیوەیەکی خۆڕاگرانە راوەستا. روئیا پیرایی چەند رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە، لەگەڵ چەند کچ و ژنێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە پاریس لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆنەوە لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لێکرا.
 
نیگار مارف، پەرستار لە یەكەی سووتان لە نەخۆشخانەی سووتان و نەشتەرگەریی جوانكاری لە شاری سلێمانی یەکێکی دیکەیە لەو ژنە کوردانەی ناوی لە لیستی 100 کاریگەرترین ژنی جیهان بۆ ساڵی 2022ـدایە. 
 
بی بی سی لەبارەی نیگارەوە دەڵێت: "وەکو بەرپرسی پەرستاران لە بەشی سووتان لە کوردستانی عێراق، کاری نیگار مارف چارەسەرکردنی ئەو ژنانە لەخۆدەگرێت کە خۆیان سووتاندووە."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات: نیگار مارف "ماوەی 25 ساڵە لە نەخۆشخانەکان و لە بەشی سووتانی منداڵان و یەکەی چاودێریی چڕیشدا کار دەکات. لە بەشەکەیدا، ئەو هەروەها ئەو نەخۆشانە چارەسەردەکات کە بێ مەبەست سووتاون."
 
بی بی سی هەروەها دەڵێت، ژمارەیەکی زۆری ئەو ژنانەی کە پەرستارە کوردەکە چارەسەریان دەکات ئەوانەن کە بەهۆی "ئازاردانی دەروونی یان جەستییەوە خۆیان دەسووتێنن، کە بەشێکیان تەمەنیان 16 ساڵ بووە."
 
نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەریی جوانكاری لە شاری سلێمانی لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی: "ئێمە شانازی دەکەین بە هەڵبژاردنی نیگار مارف، سەرۆک پەرستارەکەمان وەکو یەکێک لە 100 کاریگەرترین ژنەکانی جیهان کە رۆڵی گەورەیان لە مرۆڤایەتی و چارەسەرکردندا هەبووە."
 
رۆزا ساڵح، ژنێکی دیکەی کوردە کە لە پاڵ پریانکا چۆپرا، ئەکتەری هیندی؛ بیلی ئایلیش، گۆرانیبێژی ئەمریکی و ئۆلێنا زێلینسکا، خانمی یەکەمی ئۆکراینا بە یەکێک لە کاریگەرترین ژنەکانی جیهان بۆ ساڵی 2022 هەڵبژێردراوە. 
 
رۆزا لە ئایاری 2022 بووە یەکەمین پەنابەر بتوانێت ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی شاری گلاسگۆی سکۆتلاند لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا. 
 
رۆزا خەڵکی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 2001، کاتێک کە تەمەنی 12 ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەکەی وەکو پەناخواز چوونە سکۆتلاند، دوای ئەوەی کە باپیر و دوو مامی لە لایەن حکومەتی سەدام حسێنەوە لە سێدارەدران. 
 
رۆزای تەمەن 33 ساڵ "لە گەنجییەوە دەستی بە هەڵمەتی داکۆکیکردن لە مافی پەنابەران کردووە و خۆی و هاوڕێیانی لە قوتابخانە خۆپێشاندانیان دژی دەستگیرکردنی هاوڕێیەکیان کردبوو."
 
هەڵمەتەکەیان کە بە ناوی "کچانی گلاسگۆ"یەوەیە، سەرنجی تەواوی سکۆتلاند و بەریتانیای بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان راکێشاوە. 
 
رۆزا هەروەها لە دامەزراندنی رێکخراوی "هاوسۆزیی سکۆتلەندا بۆ کوردستان" بەشداربووە و چەندین جار وەکو چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ، سەردانی باکووری کوردستانی کردووە. 
 
رۆزا لە فەیسبووک نووسیویەتی: "شەرەفمەندم کە لە لایەن بی بی سییەوە بە یەکێک لە 100 ژنە سرووشبەخش و کاریگەرەکانی سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی 2022 دانراوم."
 
بە گوێرەی هەژمارەکەی لە فەیسبووک، ئەو ژنە کوردە، بەکالۆریۆسی لە بواری یاسا و سیاسەت لە زانکۆی ستراسکلید لە سکۆتلاند بەدەستهێناوە.