لە دانیمارک رۆبۆتێک پشکنینی رۆماتیزم دەکات

06-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
رۆبۆتەکە پشکنین بۆ نەخۆشێک دەکات
رۆبۆتەکە پشکنین بۆ نەخۆشێک دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مێت سپانسگاردی تەمەن 45 ساڵ، دانیشتوویەکی شاری ئۆدێنسی باشووی دانیمارکە. ئەو نەخۆشیی هەوکردنی جومگەکانی هەیە. وەک هەمیشە هاتووە بۆ ئەوەی پشکنینی رۆماتیزم بکات و بزانێت ئاستی هەوکردنی جومگەکانی چەندە، بەڵام ئەوەی جیاوازە، ئەمجارە پشکنینەکەی لەلایەن رۆبۆتێکەوە بۆ دەکرێت. 
 
مێت سپانسگارد، نەخۆش دەڵێت، "من درەنگ نەخۆشییەکەم دەستنیشانکرا و ئێستا چەند گۆڕانێکم بەسەردا هاتووە کە بەزۆری لە قاچ و ئێسەکەکانمدایە. ئەوەش تاهەتاییە. کاتێک گۆڕانێکی وا لە جەستەتدا روودەدات گەڕاندنەوەی نییە. ئەمە گرنگە، چونکە کاریگەری لەسەر داهاتووم دەبێت." 
 
ئەو رۆبۆتە ناوی ئارسەرە؛ قۆڵێکی رۆبۆتی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پشکنین بۆ جوومگەکان بکات. لە ماوەی 12 خولەکدا پشکنین بۆ جومگەکانی هەردوو دەست دەکات. واتە لە ماوەی کاژێرێکدا چوار نەخۆش بەڕێدەکات. ئەوەش کاتی بۆ نەخۆشخانەکە گەڕاندووەتەوە و نۆرەی کورتکردووەتەوە. 
 
رۆبۆتەکە، لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت و دواتر راپۆرتێک بۆ پزیشکی تایبەتمەند دەنێرێت. 
 
سۆرێن ئاندریاس، راوێژکاری زانستیی هەوکردنی جومگەکان باس لەوە دەکات، "هەمان نەخۆش ئەگەر زوو دەستنیشانبکرێت، دەتواندرێت بە دەرمانێکی زۆر کەمتر چارەسەربکرێت بەراورد بە نەخۆشێکی دیکە کە درەنگتر نەخۆشییەکەی دەستنیشاندەکرێت. دووەمیان پێویستی بە چارەسەری گرانترە و مەترسیی پەککەوتنی جومگەکان زۆر زیاترە". 
 
نرخی هەر رۆبۆتێکی لەوشێوەیە 150 هەزار یۆرۆیە. سێ ساڵ کار لەسەر پەرەپێدانی ئەو رۆبۆتە کراوە، تاوەکو دواجار لەلایەن ستانداردی تەندروستی و سەلامەتییەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە رێگەیپێدراوە و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم کەوتووەتە خزمەتی پزیشکییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە