رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی هیندستان، بەپێی یاسایەکی نوێی وڵاتەکە، کە دژی هەڵگرتنی کچان و ژنانی هیندۆسە لە وڵاتەکەدا، کەسێکیان دەستگیرکرد.
رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی، دەستگیرکردنی یەکەم کەسی بەتۆمەتی 'هەڵگرتن'ی ئافرەتانی وڵاتەکە ئاشکراکرد کە هیندۆسەکانی وڵات، یاساکەیان بە 'جیهادی خۆشەویستی' ناوبردووە.
'جیهادی خۆشەویستی' دەستەواژەیەکە هیندۆسەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر ئەو یاسایە بەکاریدەهێنن، کە چیدی رێگەنادات ئافرەتانی هیندۆسی وڵاتەکە، رەدووی پیاوانی موسڵمانی وڵاتەکە بکەون. هیندۆسەکان دەڵێن ئافرەتەکان هەڵدەخەڵەتێنرێن و پاش بەڵێنی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوە موسڵمانەکاندا، ئاینەکەیان بۆ موسڵمان دەگۆڕێت، ئامانجی سەرەکی هاوسەرگیرییەکە، گۆڕینی دینی ئافرەتە هیندۆسەکانی وڵاتەکەیە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، رۆژی چوارشەممەی پێشوو، پیاوێک بەناوی عویس ئەحمەد، لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە دەستگیرکرا. ئەو گوشاری لەسەر ئافرەتێکی هیندۆسی بە مێرد دروستکردبوو، بەئامانجی بەجێهێشتنی هاوسەرەکەی و بوونە موسڵمان، تاوەکو بتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.
دەسەڵاتداران ئاشکرایانکردووە، باوکی کچەکە پێشتر لای پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە بە رفاندنی کچەکەی و پاشان داواکەی کێشاوەتەوە، چونکە کچەکەی لە 2019دا رەدووی ئەحمەد کەوتووە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە.
رووداوەکە لە ویلایەتی ئاتر پریچ لە باکووری هیندستان روویداوە.
یاسا نوێیەکەی هیندستان، رێگری لە هاوسەرگیری نێوان خاوەن ئاینە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا دەکات. یاساکە گۆڕینی بەزۆری دین بۆ دینێکی دیکە لە رێگەی هاوسەرگیرییەوە بەتاوان دەناسێنێت و ئەنجامدەرەکەی بە بەندکردن بۆ ماوەی 10 ساڵ، سزا دەدرێت.
رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' ئاشکرایکردووە، موسڵمانانی هیندستان پێیانوایە ئەو یاسا نوێیە، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پەراوێزخستنی کەمینەی موسڵمانی وڵاتەکە، کارەکەش لەو کاتەوە دەستپێکردووە، کە ناریندا مودی و پارتی نەتەوەیی هیندۆس لە ساڵی 2014ەوە، دەسەڵاتی وڵاتەکەیان وەرگرتووە.
لەماوەی رابردوودا، چەندین رووداوی پێکداهەڵپژان و کوشتن لە نێوان هیندۆس و موسڵمانەکانی ئەو وڵاتەدا، دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ