پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا: دەبێت خۆمان لە شەڕی ئەردۆغان بەدووربگرین

 
رووداو - واشنتن

سیاسەتمەدارێکی ناسراوی ئەڵمانی لە واشنتنەوە ئامۆژگاری جیهان دەکات سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەڵێت "دەبێت خۆمان لە شەڕی شەخسی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان بەدووربگرین".
 
نیلس شمید، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی سۆشیاڵ دیموکرات رایدەگەیێنێت "دەبێت خۆمان لە شەڕی شەخسی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان بەدووربگرین، چونکە حەزدەکات ئەمە بکات و خۆی وەکو سەرکردەیەکی بەهێز لە ناوخۆدا دەربخات. بۆیە پێمباش نییە خۆمان زۆر نیگەران بکەین بە لێدوانە تووندەکانی ئەردۆغانەوە لەسەر سەرۆک ماکرۆن".
 
تووندترین لێدوانی ئەردۆغان هەفتەی رابردوو بوو، پێش کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ناتۆ لە لەندەن کە گوتی ماکرۆن "مێشکی مردووە"، گووتەیەک کە بە سوکایەتیپێکردن لێکدراوەتەوە. لە وەڵامدا، ماکرۆن تورکیای بە پاڵپشتیکەری "تیرۆریستان" تۆمەتبارکرد.
 
پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و تورکیا هەرگیز بێ گرفت نەبوون، بەڵام ناکۆکی ئەمجارە پەیوەندیی بە واشنتنەوە هەیە، بەتایبەت بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە سووریا.
 
لە دانیشتنیدا لەگەڵ ترەمپ لە لەندەن، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەوڵێکی ئەوتۆی نەدا بۆ شاردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا سەبارەت بە سووریا.
 
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند "کە سەیری تورکیا دەکەم ئەمڕۆ، دەبینم شەڕ دژی ئەوانە دەکەم کە شان بە شانی ئێمە دژی داعش لە سووریا شەڕیانکرد. هەندێکجاریش لەگەڵ هێزەکانی داعشدا بوون".
 
لە واشنتن هەندێک پێشبینی خراپتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن، چونکە ئەمە دەکرێت لە تورکیا بە قازانجی ئەردۆغان بشکێتەوە. راپرسییەکان نیشانیدەدەن زۆرینەی رەهای دانیشتووانی تورکیا دژی ئەمریکان.
 
عومەر تاشپینار، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە پەیمانگای بروکینگز دەڵێت "پێموایە ئەردۆغان دەیەوێت ئەم قەیرانە گەورەتر بکات، چونکە هەستدەکەم ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەخت لە تورکیا بەڕێوەدەچێت. پێویستی بە دەنگی نەتەوەپەرستەکانە. رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا، رووبەڕووبوونەوەی ناتۆ و رووبەڕووبوونەوەی ئەوروپا تاکە هیوایەتی کاتێک بارودۆخی ئابووری وڵات لە ئاستێکی خراپدایە".
 
لە واشنتنیش فشارەکانی کۆنگرێس لەسەر ئیدارەی ترەمپ زیادیانکردووە تا سزا بخاتە سەر تورکیا. سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە نامەیەکیدا بۆ مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "کاتی پشوودرێژی بەسەرچووە".