رووداو دیجیتاڵ
کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا سەخترین ساتەکانی تێدەپەڕێنێت، بڕیارە چارەنووسی حکومەتی هاوپەیمانیی ترافیک لە ئێوارەخوانێکی رۆژی چوارشەممە یەکلایی بکرێتەوە کە ئایا کابینەکە بەردەوام بێت یان هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
پارتی لیبڕاڵەکان بێ ئەوەی راوێژ بە هاوپەیمانەکانی بکات، گڵۆپی زەردی بۆ پرۆژەیەکی 18 لاپەڕەیی هەڵکردووە، داوا دەکات باج بەرزبکرێتەوە و هەندێک هاوکاریی داراییش کەمبکرێنەوە.
نیڵس گروندەر، پەرلەمانتاری لیبراڵەکان لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "گرنگی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە چۆن بتوانین ئابووریی وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین ئەوەیە، وادەی ئامانجی کەشوهەوامان درێژ بکەینەوە، پلانی حکومەت ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2025 ئەڵمانیا لە دوانۆکسیدی کاربۆن بگاتە سفر، ئێمە داوا دەکەین وادەکە درێژ بکرێتەوە تاوەکو ساڵی 2050 وەکو ئەوەی لە یەکێتیی ئەورووپادا هەیە، ئێمە داوا دەکەین چاکسازیی لە باجی کۆمپانیاکان بکرێت، داوا دەکەین دەستبەجێ رێسای نوێ بوەستێنین بۆ ئەوەی ئابووریمان بتوانن کەلەپچەی دەستیان لێبکەنەوە و بەرەوپێش بچێت."
رووداو لەگەڵ هەر کام لە پەرلەمانتارەکانی ئەڵمانیا گفتوگۆی کردووە، باسیان لە حکومەتێکی کاریگەر دەکرد، حکومەتێک کە بتوانێت ئابووریی وڵات لە قەیرانی کەمی گەشە رزگاربکات، بە جۆرێک شایستەی گەورەترین ئابووریی ئەورووپا بێت.
سیلڤیا برێیە، پەرلەمانتاری پارتی کرستییان دیموکراتەکان باس لەوە دەکات: "ئاواتەخوازم و بەهیوام بۆ وڵاتەکەم کە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. حکومەتی ئێستامان هەموو شتێکە بەس جێگیر و بەهێز نییە. بەڵام ئێمە لەم دۆخەی ئێستا بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئەنجامەکەی پێویستمان بە حکومەتێکی بەهێزە کە بتوانێت لە ئەورووپا لە پێشەوەبێت بڕیار بەدەستبێت، حکومەتێکی یەکگرتوو و حکومەتێک کە بزانێت چی دەوێت و بەرەکوێ دەیەوێت بروات."
هاوشێوەی پارتی سۆسیال دیموکرات کە ئۆلاف شۆڵتز سەرکردایەتی دەکات، پارتی سەوزەکان لەڕێگەی وەزیری ئابوورییەوە خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ مانەوەی حکومەت، تاوەکو وادەی یاسایی خۆی، ئەو دەڵێت، ئەورووپا لەو دۆخە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەی تێیدایە چاوەڕوانیی گەورەی لە ئەڵمانیا هەیە.
کۆبوونەوەی حکومەتە هاوپەیمانییەکەی ئەڵمانیا و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ وەک 47 ـمین سەرۆکی ئەمریکا، ئەو کەسەی جیاواز لە ئیدارەی بایدن کەمتر گرنگی بە ئاساییشی ئەورووپا و هاوپەیمانێتیی ناتۆ دەدات، ئەمەش ئەڵمانیا ناچار دەکات خۆی لە نێوخۆ و دەرەوە وەکو سەرکردەی یەکێتیی ئەورووپا بەهێز بکات، وەک لەوەی حکومەتێکی لەرزۆکی هەبێت.
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری بەتوانا و نێوداری تۆڕی میدیایی رووداو دوای سەرکەوتنی بەسەر نەخۆشییەکەی، دوای ساڵێک ئەمڕۆ گەڕایەوە سەر شاشەی رووداو و بەدواداچوونی بۆ چارەنووسی حکومەتی ئەڵمانیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ