سەرکەوتنی ترەمپ ئەورووپییەکانی دابەشکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەرێمی براندنبەرگ پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە ترەمپ کرد و هۆشداریشی دا.
ئانالینە بەربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ گوتی "بۆ من، بۆ ئێمە روونە کە ئێمەی ئەورووپی پێویستە ئێستا پێشبینی بەرپرسیاریێتی زیاتر بۆ پاراستنی ئەمنیەتمان بکەین. ئەمڕۆ، سبەی و رۆژانی دواتر پێویستە لەپێناو خۆمان و منداڵەکانمان ئەوە بکەین."
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ وەکو سەرکەوتنی خۆی وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند. ئەو لە شوباتی ئەمساڵدا هۆشداریی دابوو لەوەی هەر ئەندامێکی ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا خەرجی سەربازییان نەگەیێننە 2٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان، بەرگرییان لێناکات.
تاوەکو تەممووزی ئەمساڵیش لە 32 ئەندامەکەی هاوپەیمانییەکە، تەنیا 23ـیان ئەو مەرجەیان جێبەجێکردبوو.
پۆڵەندا هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراینا و ئەویش پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و هۆشداریی دا.
رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا: "لە پەیوەندی بەردەوام دام لەگەڵ بەرپرسە ئەمنیەکانی تیمی ترەمپ، بەڵام پێویستە وڵاتانی ئەورووپا بەپەلە بەرپرسیاریێتی زیاتر بەرامبەر پاراستنی ئەمنیەتی هەڵگرێت، ئەویش بە زیادکردنی خەرجی بەرگریی و بڕیاری پەیوەست بە کۆچبەرانەوە."
ئەگەر یەک ئەندامی ناتۆ دڵخۆش بێت بە سەرکەوتنی ترەمپ ئەوا هەنگاریایە.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا گوتی "دەڵێم ئەمە سەرکەوتنێکی ژیرانە بوو. یەکێک بوو لە گەورەترین گەڕانەوەکان لە مێژووی سیاسیی رۆژئاوادا. هەڕەشەیان لە ترەمپ کرد بەوەی بیخەنە زیندان، دەستیان بەسەر سامانەکەیدا گرت، هەوڵیاندا بیکوژن و هەموو میدیای ئەمریکا دژی بوو بەڵام ئەو سەرکەوت."
کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی وڵاتانی ناتۆ زیاتر لە 45 تریلیۆن دۆلارە؛ نزیکەی تریلیۆنێک و 470 ملیار دۆلار بۆ کەرتی سەربازی تەرخان دەکەن؛ لە سەرووی هەموویانەوە بە ریزبەندی: پۆڵەندا سەرووی 4%، ئیستۆنیا و ئەمریکا و لاتڤیا و یۆنان لە 3%ـی بودجەیان بۆ خەرجیی سەربازییە.