سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی دووبارە بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات و هیوای بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا دەخوازێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە) محەممەد شیاع سوودانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو و گەلی ئەمریکا دەکەم".
سوودانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "عێراق پابەندی تەواوی خۆی بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتدەکاتەوە، کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، "چاومان لەوەیە ئەو قۆناخە نوێیە ببێتە دەرفەتێک بۆ قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگییەکان لە تەواوی سێکتەرەکان و ببێتە هۆی گەشەسەندنی بەردەوام و سوود بە گەلی هەردوولامان بگەیێنێت".
ئەنجامە بەراییەکان ئەوە دەردەخەن، ترەمپ لەو 27 ویلایەتەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردووەتەوە، 276 ئەندامی دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکای بەدەستهێناوە.
بۆ ئەوەی بەربژێرێک ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، پێویستی بە 270 دەنگی نوێنەرایەتی لە ویلایەتەکان هەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریداوە گوتاری سەرکەوتنی پێشکێش کرد و خۆی وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا ناساند.