رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، تاوەکو ئێستا (کاژێر 10:00 بە کاتی هەولێر) لە 11 ویلایەت کە هەڵبژاردنی حاکمەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، بەربژێری کۆمارییەکان لە 7 ویلایەت لەپێش بەربژێری دیموکراتەکانن.
لە ئەمریکا جگە لە هەڵبژاردنی کۆلێژی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران و لە 11 ویلایەتیش هەڵبژاردنی حاکمەکان بەڕێوەچوو.
ئەو ویلایەتانەی هەڵبژاردنی حاکمەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت بریتین لە: دێلاوێر، مۆنتانا، ئیندیانا، میزۆری، نیوهامشایەر، کارۆلاینای باکوور، ڤێرمۆنت، داکۆتای باکوور، یوتا، واشنتن و ڤێرجینیای رۆژئاوا.
تاوەکو ئێستا بەربژێری کۆمارییەکان لە هەریەکە لە ویلایەتەکانی یوتا، کارۆلاینای باکوور، میزۆری، ئیندیانا، ڤێرجینیای رۆژئاوا، ڤێرمۆنت و نیوهامشایەر لەپێش بەربژێری دیموکراتەکانن.
هەڵبژاردنی ئەم جارە تەنیا 34 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن، ئەوەش لەبەر ئەوەی دوو ساڵ جارێک ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە ئەمریکا نوێ دەکرێنەوە.
ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن، کۆمارییەکان توانیویەتی لە 100 کورسی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ژمارەی کورسییەکانیان بگەیێننە 51 کورسی و ژمارەی کورسییەکانی دیموکراتەکان و نزیکەکانیشیان بوو بە 49 کورسی.
هەروەها لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش کە 435 ئەندامی هەیە، کۆمارییەکان توانیویانە تاوەکو ئێستا 194 کورسی ببەنەوە و دیموکراتەکانیش 161 کورسی.
تاوەکو ئێستا ترەمپ 267 نوێنەرایەتی بۆ خۆی یەکلایی کردووەتەوە و هاریسیش 214 نوێنەرایەتی مسۆگەر کردووە. هەر یەک لە بەربژێرەکان بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە، دەبێت لانیکەم 270 نوێنەرایەتی ببەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ