بایدن بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد؛ 'ئامادەی رادەستکردنی دەسەڵاتم'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد و پیرۆزبایی بردنەوەی سەرۆکایەتیی خولی داهاتووی ئەمریکای لێکرد. لە پەیوەندییەکەدا بایدن بانگێشتی ترەمپی کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیک لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.

رۆژی چوارشەممە 06-11-2024 کۆشکی سپیی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد. "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، سەرۆک بایدن پابەندیی خۆی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی یەکگرتوویی وڵاتەکە بپارێزرێت."
 
رۆژی سێشەممە 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، تێیدا دۆناڵد ترەمپ توانی دەنگی 292 نوێنەر مسۆگەر بکات و بیباتەوە، لەبەرامبەردا هاریس 223 نوێنەری بردەوە و نەیتوانی بباتەوە. لە سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریکا، هەر بەربژێرێک پێویستە لانیکەم 270 خاڵ یان نوێنەر بباتەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.
 
هەر بەگوێرەی کۆشکی سپی،  جۆ بایدن دواتر قسەی لەگەڵ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان کرد. بایدن لە پەیوەندییەکە پیرۆزبایی "هەڵمەتی هەڵبژاردنی مێژوویی" لە هاریس کرد.
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 07-11-2024 جۆ بایدن لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات گوتارێکی دەبێت.
 
لەلایەکی دیکە، رۆژی چوارشەممە ژمارەیەک راوێژکاری کامالا هاریس بە میدیاکان لەنێویاندا تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، کامالا هاریس تەلەفۆنی بۆ ترەمپی رکابەری کردووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دانی بە شکستهێنانی لە هەڵبژاردنەکاندا ناوە، لەهەمان کاتیشدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە ترەمپ کردووە.
 
بڕیارە کاژێر 12:00ـی ئەم شەو بە کاتی هەولێر، هاریس لە زانکۆی هاوارد لە واشنتن، گوتارێک بۆ لایەنگرانی بدات و لەوێش بە فەرمی دان بە دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی ترەمپ دا بنێت.
 
تائێستا، لە کۆی 50 ویلایەت و واشنتن دی سی پایتەخت، ترەمپ 28 ویلایەتی بردووەتەوە، بەرامبەر 19 ویلایەت بۆ هاریس لەگەڵ واشنتنی پایتەخت، ئەمە بێجگە لەوەی هێشتا هەر سێ ویلایەتی نیڤادا، ئاریزۆنا و ئەلاسکا ماون دەنگەکانیان یەکلاببێتەوە. 
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تائێستا، ترەمپ زیاتر لە 71 ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە بەرامبەر بە زیاتر لە 67 ملیۆن دەنگ بۆ هاریس.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا

سەرکەوتنی ترەمپ ئەورووپییەکانی دابەشکردووە

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا گوتی "دەڵێم ئەمە سەرکەوتنێکی ژیرانە بوو. یەکێک بوو لە گەورەترین گەڕانەوەکان لە مێژووی سیاسیی رۆژئاوادا. هەڕەشەیان لە ترەمپ کرد بەوەی بیخەنە زیندان، دەستیان بەسەر سامانەکەیدا گرت، هەوڵیاندا بیکوژن و هەموو میدیای ئەمریکا دژی بوو بەڵام ئەو سەرکەوت."