رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، تاوەکو ئێستا (کاژێر 9:00 بەکاتی هەولێر) پارتی کۆمارییەکان توانیویەتی لە 100 کورسی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ژمارەی کورسییەکانیان بگەیێننە 51 کورسی و ژمارەی کورسییەکانی دیموکراتەکان و نزیکەکانیشیان بوو بە 49 کورسی.
ئەمریکییەکان جگە لە هەڵبژاردنی کۆلێژی هەڵبژاردن، ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانیان هەڵبژارد.
هاووڵاتییانی ئەمریکا لە هەر 50 ویلایەتەکان 100 کەس وەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێرن، واتە لە هەر ویلایەتێک دوو کەس هەڵدەبژێردرێن.
هەڵبژاردنی ئەم جارە تەنیا 34 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن، ئەوەش لەبەر ئەوەی دوو ساڵ جارێک ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە ئەمریکا نوێ دەکرێنەوە.
تاوەکو ئێستا دەنگی 40 ویلایەت یەکلابووەتەوە و بەگوێرەی ئەنجامەکان، کۆمارییەکان کە پێشتر 49 ئەندامییان هەبوو، ئێستا دوو ئەندامی دیکەیان بۆ خۆیان یەکلایی کردووەتەوە و ژمارەی ئەندامەکانیان گەیشتە 51.
هەروەها لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش کە 435 ئەندامی هەیە، کۆمارییەکان توانیویانە تاوەکو ئێستا 194 کورسی ببەنەوە و دیموکراتەکانیش 161 کورسی.
پێش ئەم هەڵبژاردنە، کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی کەم کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کردبوو، 220 ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان هەبوو، هەروەها دیموکراتەکانیش 212 ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان هەبوو.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەنجامی 40 ویلایەت و واشنتن دی سی پایتەخت یەکلایی بووەتەوە؛ 25 ویلایەت بۆ دۆناڵد ترەمپ و 16 ویلایەتەکەی دیکەش بۆ کامالا هاریس.
تاوەکو ئێستا ترەمپ 247 نوێنەرایەتی بۆ خۆی یەکلایی کردووەتەوە و هاریسیش 214 نوێنەرایەتی مسۆگەر کردووە. هەر یەک لە بەربژێرەکان بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە، دەبێت لانیکەم 270 نوێنەرایەتی ببەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ