سەرۆکی ئۆکراینا: ئێران 'درۆ' دەکات و رۆژانە 10 درۆنی ئێرانی دەخەینە خوارەوە

06-11-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئێران لە بابەتی پێدانی درۆن بە رووسیا "راست ناڵێت" و ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە 10 درۆنی دروستکراوی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەخەنە خوارەوە.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2022 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا لە کیێڤ گوتی، بەرپرسانی ئێران "بڕیاریانداوە دان بەوەدا بنێن کە درۆنیان بۆ تیرۆری رووسیا دابینکردووە، بەڵام ئەوان لە دانپێدانانەکەشیاندا درۆیان کرد."
 
ئەوەش لە کاتێكدایە بەیانیی هەمان رۆژ، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران بە رۆژنامەڤانانی گوت، وڵاتەکەی درۆنی بە رووسیا داوە.
 
بە گوتەی عەبدوڵڵاهیان، پێش دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022دا ژمارەیەک درۆنیان داوەتە مۆسکۆ و بە هاوتا ئۆکراینییەکەی گوتووە، "هەر بەڵگەیەکیان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنێت رووسیا لەو جەنگەدا سوود لەو درۆنانە وەردەگرێت، رادەستی بکات."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە، تاران هیچ جۆرە مووشەکێکی دابێتە رووسیا. زیلینسکی ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئێران بە "درۆ" ناودەبات و دەڵێت، "رۆژانە 10 درۆنی ئێرانی دەخەینە خوارەوە" و باسی لە رۆژی پێشتر کرد و گوتی، 11 درۆنی دروستکراوی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە.
 
وڵاتانی رۆژئاوایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی درۆن و مووشەکی داوەتە رووسیا بۆئەوەی لە شەڕی ئۆکراینیادا بەکاریان بهێنێت.
 
وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، فرۆشتنی چەک بە رووسیا پێشێلکردنی بڕیاری 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و داوایان کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات.
 
ئێران دەڵێت، لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێلایەنە، بەڵام ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی لە رووسیا کردووە و هێرشی رووسیای بە هەنگاوێکی دروست لە قەڵەم داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.