لە فەرەنسا هاووڵاتییەکی سەنیگالی ئاڵای کوردستان دەفرۆشێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بۆردۆی فەرەنسا هاووڵاتییەکی سەنیگالی ئاڵای کوردستان دەفرۆشێت؛ ئاڵاکان بەدەم کزەبای ئێوارانی ئەم پاییزەوە دەشەکێنەوە.
 
کاسبکارێکی رەشپێستی ئەفریقی ئاڵای وڵاتان، کە سیمبولی وڵاتەکانە، لە گۆڕەپانێکی سەرەکیی شاری بۆردۆی فەرەنسا دەفرۆشێت؛ ئاڵای کوردستانیش لە ریزی ئاڵای وڵاتانی سەربەخۆی جیهاندایە.
 
مەمەلوو، فرۆشیار ئاماژە بەوە دەکات کە "زۆر کەس" ئاڵای کوردستانی لێدەکڕن.
 
شاری بۆردۆ کوردی زۆری لێ ناژی، بەڵام ئاڵای کوردستانی ئەو ئاڵافرۆشە سەنیگالییە هەندێک تاسەی غوربەت و دەردی بێ وڵاتیی ئەو کوردانە ساڕێژ دەکات، کاتێک لەوێوە تێپەڕ دەبن و ئاڵای کوردستان لەنێو ئاڵای وڵاتاندا دەبینن.
 
منەوەر رەحمان، هاونیشتمانی دەڵێت، "من لە بۆردۆ دەژیم، زۆرجار لێرەوە تێدەپەڕم ئاڵای کوردستان دەبینم، بەڕاستی زۆر دڵخۆشم کە لە وڵاتێکی غەریب ئاڵای کوردستان دەبینم، ئەویش کە کابرایەکی بێگانە دەیفرۆشێت، بەڕاستی مرۆڤ دەگەشێتەوە، هەستدەکەیت لە وڵاتی خۆت دەژیت."
 
ئاڵای کوردستان ساڵی 1920 دروستکراوە. بزووتنەوەی خۆیبوون لە باکووری کوردستان بە داهێنەری دەناسرێت، بەڵام بۆ یەکەمجار بە هەندێک جیاوازییەوە لەگەڵ ئاڵای کوردستانی ئێستا لە کۆماری کوردستان هەڵدرا. دوای زیاتر لە یەک سەدە تێکۆشان، ئێستا لێرە بە دووریی هەزاران کیلۆمەتر لە کوردستان دەشەکێتەوە.