رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێوارەی یەکەمین ساڵیادی جەنگی غەززەدا بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەک کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوەی سوپای وڵاتەکەی بەرامبەر حیزبوڵڵا دەیکات بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیرییە و داوای "پشتیوانی" لە فەرەنسا کرد. سەرۆکی فەرەنساش پێی گوت، ئێستا کاتی ئاگربەستە.
رۆژی یەکشەممە 06-10-2024 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەرۆکی فەرەنسای گوت، "هەنگاوەکانی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا دەرفەتێکن بۆ ئەوەی سەقامگیری، ئاسایش و ئاشتی لە تەواوی ناوچەکە بەرقەرار بێت"، ئەوە بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی نەتەنیاهوودا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ماکرۆنی گوتووە، "ئیسرائیل پێشبینیی پشتگیریکردن لە فەرەنسا دەکات، نەوەک سنووردارکردنی هەنگاوەکانی، چونکە سنووردارکردن دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئێران و ئەو هێزانەی پاڵپشتییان دەکات".
سەرۆکایەتیی فەرەنساش لەبارەی هەمان پەیوەندیی تەلەفۆنی بڵاویکردەوە، "لە ساڵیادی هێرشی تیرۆریستیی حەماسدا بۆسەر ئیسرائیل، سەرۆکی فەرەنسا هاوسۆزیی گەلی فەرەنسای بۆ گەلی ئیسرائیل دەربڕی و پێی راگەیاند، ئێستا کاتی ئاگربەستە".
دوێنێ شەممە، سەرۆکی فەرەنسا لەسەر دۆخی ناوچەکە لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، کاری لەپێشینە ئەوەیە روو لە چارەسەری سیاسی بکرێت و "ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرین".
رۆژی 07-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەس لە ئیسرائیل کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە گیران.
ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە کرد و هێشتا ئاسۆی ئاگربەست دیار نییە. بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانیکەم 41 هەزار و 800 کەس بەهۆی ئەو جەنگەوە کوژراون و 2.1 ملیۆن کەس دەربەدەر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ