وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی لە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەکات

06-10-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نێرگس محەممەدی دەکات.
 
رۆژی هەینی 6ی ئۆکتۆبەری 2023 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بۆ پیرۆزبایی لە نێرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەنگی چاونەترسانەی محەممەدی کپ ناکرێت."
 
ئەنالینا بێربۆک نووسیویەتی، "بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نێرگس محەممەدی و لەگەڵیشیدا بە ژنانی ئێران، هێزی ژن بۆ ئازادی نیشاندەدات."
 
ئەمڕۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023ی بەخشرایە نێرگس محەممەدی، ژنە چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە ئێران. ئەو ژنە چالاکڤانە لە ساڵی 2014 لەلایەن ئێرانەوە سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "دەنگی چاونەترسانەی محەممەدی کپ ناکرێت. ئاییندەی ئێران ژنانی وڵاتەکەیە."
 
 
نێرگس محەممەدی ساڵی 1973 لە شاری زەنجان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی تاوەکو دواناوەندی لە شارەکانی قوڕوە و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان تەواو کردووە.
 
ئەو خانمە ساڵی 1992 بەشی فیزیای لە زانکۆی قەزوێن خوێند و دواتریش وەکو چالاکڤانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ناوبانگی دەرکرد.
 
نێرگس محەممەدی ساڵی 2014 بە تۆمەتی دژایەتیکردنی حکومەت، هاوئاهەنگی بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی داعش، لەلایەن ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا؛ هەر ئەو کات ماڵباتەکەی گوتیان، "تۆمەتی هاوکاریکردنی داعش لەبەر ئەوە دراوەتە پاڵ نێرگس محەممەد، دژایەتی لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتی سوننەی کردووە."
 
نێرگس محەممەدی ساڵی 2016 لەلایەن دادگەی تارانەوە بە 16 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بەڵام ساڵی 2020 ئازادکرا؛ ساڵی 2021 جارێکی دیکە بە تۆمەتی دژایەتیکردنی دەسەڵات و چەندین تۆمەتی دیکە، بە لێدانی 80 قامچی و سزای پێبژاردن و 30 مانگ زیندانی سزادرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.