خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەخشرایە ژنە چالاکڤانێکی ئێران

06-10-2023
نیشانەکردن خەڵاتی نۆبڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەخشرایە نێرگس محەممەدی، چالاکڤانی مافی مرۆڤی ئێرانی کە ئێستا لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران بەندکراوە. لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت، خەڵاتەکە بۆ "شەڕکردن لە دژی چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران" پێبەخشراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 06-10-2023 لیژنەی خەڵاتەکانی نۆبڵ ناوی براوەی خەڵاتەکەی بۆ ئاشتی لە ساڵی 2023ی راگەیاند و خەڵاتەکە بەخشرایە نێرگس محەممەدی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە ئێران.
 
بریت رێیس ئەندرسن، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت، خەڵاتەکە بەهۆی "خەبات لە دژی ستەم و چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران" بەخشراوە بە نێرگس محەممەدی. دەشڵێت، نێرگس محەممەدی قوربانی زۆری لەو پێناوە داوە.
 
هەروەها لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە پەیامێکدا دەڵێت، پەیامی پێدانی خەڵاتەکە بە نێرگس محەممەدی بۆ حکومەتی ئێران ئەوەیە، گوێ لە خەڵکی ئەو وڵاتە بگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، هیوادارن نێرگس محەممەدی بەزوویی ئازاد بکرێت تاوەکو بتوانێت خەڵاتەکەی وەربگرێت.
 
نێرگس محەممەدی لە ساڵی 2010ـەوە چەندینجار بەهۆی پشتگیری لە ناڕەزایی خەڵک، رەخنەگرتن لە سەرکوتکردنی خەڵک، پشتگیری لە بەندکراوانی سیاسی و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان دەستبەسەر و سزا دراوە.
 
ساڵی 2010 بە تۆمەتی دەستتێکەڵکردن دژی ئاسایشی ئێران، بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و ئەندامێتیی لە ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ بە 11 ساڵ بەندکردن سزا درا و دواتر سزاکە بۆ شەش ساڵ کەمکرایەوە و مانگی 6ی 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە ئازاد کرا. 
 
ساڵی 2014 جارێکی دیکە دوای ئەوەی دژی لەسێدارەدانی چەند بەندکراوێکی سوننە مەزهەب ناڕەزایی دەربڕی و کەمپینی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی دەستپێکرد، دەستبەسەرکرایەوە و بە هاوکاریکردنی داعش تۆمەتبار کرا، بە 16 ساڵ بەندکردن سزا درا و لە 08-10-2020 ئازاد کرا، بەڵام دوای چەند مانگێک دووبارە دۆسیەیەکی دیکە لە دژی کرایەوە، لە مانگی حوزەیرانی 2021 بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات و سەرپێچی لە بڕیاری بەرپرسانی گرتووخانە و تۆمەتهەڵبەستن بۆیان، بە لێدانی 80 قامچی و 30 مانگ بەندکردن سزا درا و مانگی 11ی 2021 دەستبەسەرکرایەوە و لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران راگیراوە.
 
نێرگس محەممەدی لە نێو گرتووخانەوە لەبارەی رووداوەکانی ئێران، ناڕەزایی خەڵک، دۆخی گرتووخانەکان و تووندوتیژی دژ بە بەندکراوان نامە و بابەت بڵاو دەکاتەوە.
 
نێرگس محەممەدی لە 21-04-1972 لە شاری زەنجانی ئێران لەدایکبووە. بە منداڵی لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری قوڕوەی پارێزگای سنە ژیاوە. دەرچووی بەشی فیزیایە لە زانکۆی قەزوێن و لە ساڵی 1996ـەوە چالاکی رۆژنامەڤانی و مافی مرۆڤی هەیە. ئەندامی ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ و بەرپرسی لیژنەی ژنانی ئەو ناوەندەیە. 
 
نێرگس محەممەدی دووەم چالاکڤانی ئێرانیە خەڵاتی نۆبڵ دەباتەوە. لە ساڵی 2003ش خەڵاتی ئاشتی بۆ نۆبڵ بەخشرایە شیرین عیبادی، پارێزەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤ. 
 
لە ساڵی 1901ـەوە کە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دابەش دەکرێت، تاوەکو ئێستا 103 کەس و 27 دامەزراوە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە و دووجار خەڵاتەکە بە هاوبەشی دراوە بە سێ کەس. 18 ژن لەنێو براوەکانی خەڵاتەکە دان.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەپۆلی گەرما لە ئەورووپا

شەپۆلێکی گەرما وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە؛ بۆچی گەرمای شێدار مەترسیدارە؟

دوای ئەوەی گەرما دەتبات، جەستەت ناتوانێت خۆی فێنک بکاتەوە، خوێنی پێویست ناگاتە مێشک، بۆیە مێشک کارەکانی بە رێکوپێکی ناکات، سەرت گێژ دەخوات، دەکرێت لە هۆش خۆت بچیت یانیش مامەڵەی سەیر و نامۆ بکەیت.