رووداوێکی خوێناوی لە تایلاند؛ چەکدارێک 23 منداڵ و ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

چەکدارێک لە دایەنگەیەکی تایلاند دوای ئەوەی 32 کەس دەکوژێت، ئەندامانی خێزانەکەی خۆیشی دەکوژێت و دواجار خۆیشی کوشتووە. بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو چەکدارە پێشتر ئەفسەری پۆلیس بووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو 32 کەسەی چەکدارەکەی تایلاند کوشتوونی، 23یان منداڵ بوون، دوای کوشتنی ئەو 32 کەسەش، ئەندامانی خێزانەکەیی خۆی و پاشانیش خۆی کوشتووە. جگە لە منداڵەکانی نێو دایەنگەکە، مامۆستا و ئەفسەری پۆلیسیش لەنێو کوژراوەکاندان.
 
رووداوەکە لە دایەنگەیەکی پارێزگای نۆنگ لام فو بووە، پۆلیسی پارێزگاکەش دەڵێت، دوای کوشتنی ئەو کەسانە لە دایەنگەکە، ژن و منداڵەکەیی لە ماڵەکەی خۆیدا کوشتووە.

پۆلیسی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو چەکدارە پێشتر ئەفسەری پۆلیس بووە، ناوی پانیا خامراب-ە و تەمەنی 34 ساڵە، ساڵی رابردوو بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ریزی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە دوورخراوەتەوە.

دوای رووداوەکە پرایوت چان-ئۆ-چا، سەرۆکوەزیرانی تایلاند فەرمانیکرد، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکرێت و گوتی "نیگەرانین لەم رووداوە ترسناکە." هاوکات پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری کوژراو و بریندارەکانی رووداوەکەش کردووە.