مۆزەخانەیەکی رۆما سندووقێکی پڕ لە قژ دەنێرێت بۆ باڵیۆزخانەی ئێران لە ئیتاڵیا

 
رووداو دیجیتاڵ

دەیان ژن لە ئیتاڵیا بەشێک لە قژی خۆیان بڕی و خستیانە نێو سندووقێک، ئەوەش وەکو هاوسۆزی بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، مۆزەخانەی رۆماش سندووقە پڕ لە قژەکە دەنێرێت بۆ باڵیۆزخانەی ئێران لەو وڵاتە.
 
کۆکیلە کاول، گەشتیاری هیندی دەڵێت، "بڕیارمدا قژم ببڕم، چونکە بڕواناکەم لە 2022 هێشتا ژنان بۆ ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانیان رووبەڕووی سەختی دەبنەوە. ناتوانم بڕوابکەم هێشتا بەمەدا تێدەپەڕین کە روودەدات، بەتایبەت لە ئێران. بۆیە من لەگەڵ ژنانی ئێرانم."
 
بڕیارە پاش پڕبوونی لە قژی بڕاوی ئەو ژنانەی سەردانی مۆزەخانەکە دەکەن، سندووقەکە بۆ باڵیۆزخانەی ئێران لە رۆما بنێردرێت.
 
بەرپرسی مۆزەخانەکە دەڵێت، ئەمە پەیامی سەرکۆنەکردنی ئاکاری حکومەتی ئێرانە بەرامبەر ماف و ئازادییەکانی ژنان و پەیامێکیشە بۆ ژنانی ئەو وڵاتە کە بە تەنیا نین.
 
جیۆڤانی مێلاندری، سەرۆکی مۆزەخانەی هونەریی ماکسی دەڵێت، "زیاتر لە 64%ی ژنانی ئێران دەرچووی زانکۆن. دەبێت بزانین ئێران وڵاتێکە لەڕووی پەروەردەوە بەرەوپێشچووە. ئەو راپەڕینەی لەدوای کوشتنە تووندوتیژەکەوە هەڵگیرساوە نابێت پەرتەوازەمان بکات. ئەوانە خوشکی ئێمەن، کچی ئێمەن، جگە لە مەهسا، تائێستا 133 هاووڵاتیی دیکە کوژراون."
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە 16ی ئەیلوولەوە کە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان پێکردووە، 154 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش دەڵێت، لەو ژمارەیە 40 کەسیان ژنن و 9شیان منداڵ و مێرمنداڵن.