لە کینیا بەهۆی سووتانی قوتابخانەیەکەوە لانیکەم 17 قوتابی گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی کینیا رایدەگەیێنێت، ئاگر لە قوتابخانەیەکی ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 17 قوتابی گیانیان لەدەستداوە و 14ـی دیکەش بریندار بوون.

رۆژی هەینی، 6ـی ئەیلوولی 2024، پۆلیسی کینیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئاگرەکە لە شوێنی مانەوەی قوتابییان لە قوتابخانەی هێلساید ئیندارشا کەوتووەتەوە کە قوتابخانەیەکی سەرەتاییە و دەکەوێتە ناوچەی نییاری لەنێوەڕاستی کینیا.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکەوتنەوەکە دیار نییە و پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی قوربانییانی ئاگرەکە زیاتر ببن.
 
ویلیەم روتۆ، سەرۆکی کینیا لە راگەیێندراوێکدا ئاگرەکەی بە "کارەساتبار" ناوبرد و داوای کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەستپێبکات.
 
ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەکانی کینیا شتێکی نامۆ نییە و پێشتر چەندین جار رووداوی لەوشێوەیە روویداوە.
 
لە ساڵی 2017 لە نایرۆبی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئاگر لە قوتابخانەیەک کەوتەوە و بەهۆیەوە 10 قوتابی گیانیان لەدەستدا. 
 
لە شوباتی 2001 باشووری رۆژئاوای نایرۆبی ئاگر لە قوتابخانەیەک کەوتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 67 قوتابی قوتابخانەکە گیانیان لەدەستدا.