دادوەر بڕیاریدا دوای هەڵبژاردن سزای ترەمپ دیاریبکات


رووداو دیجیتاڵ 

دادوەری دادگەی نیویۆرک دەڵێت، تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سزای دۆناڵد ترەمپ نادەن. ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی تۆمارە داراییەکانی ساختەکردووە بۆ ئەوەی نەزانرێت پارەی بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان داوە. 
 
بڕیاربوو 18ی ئەم مانگە سزای بەربژێرە کۆمارییەکە دەربکرێت، بەڵام دادوەر خوان مێرشان دیاریکردنی سزاکەی بۆ 26ی تشرینی دووەم دواخست. 
 
دواخستنەکە بە سەرکەوتنێک بۆ ترەمپ دادەنرێت، چونکە 5ی تشرینی دووەم لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا رووبەڕووی کامالا هاریسی دیموکرات دەبێتەوە. 
 
ترەمپ پێشوازی لە دواخستنەکە کرد و لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند، "تۆمەتبەخشینەوەکەی دادگەی مەنهاتن دواخرا، چونکە هەموو کەسێک دەزانێت هیچ دۆسیەیەک لە ئارادا نییە، هیچ هەڵەیەکم نەکردووە. پێویستە ئەم دۆسیەیە هەڵبوەشێندرێتەوە، لە کاتێکدا ئێمە خۆمان بۆ گرنگترین هەڵبژاردنی مێژووی وڵاتەکەمان ئامادە دەکەین."
 
پارێزەرانی ترەمپ داوایانکردبوو بڕیاردانەکە دوابخرێت. 
 
ئایاری ئەم ساڵ 34 تۆمەتی پەیوەندیدار بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی پێدانی پارە بە ستۆرمی دانیێڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکان بەسەر ترەمپدا ساخکرانەوە. 
 
گوایە ترەمپ لە ساڵی 2016، پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، پارەی بە ژنەکە داوە بۆ ئەوەی ئابڕووی نەبات و پەیوەندیی سەرجێیی نێوانیان ئاشکرا نەکات. 
 
سەرەتا وا دانرا لە 11ی تەممووز سزاکە بۆ ترەمپ دەردەکرێت، بەڵام دوای ئەوەی دادگەی باڵای ئەمریکا پارێزبەندیی بە سەرۆکی پێشوو بەخشی، بڕیاردانەکە دواخرا.  
 
دوای ئەو بڕیارەی دادگەی باڵا لە بەرژەوەندیی ترەمپ دای، پارێزەرەکانی داوایان کرد سزا نەدرێت. 
 
مێرشان گوتی، 12ی تشرینی دووەم بڕیاردەدات کە ئایا سزا بۆ ترەمپ دەردەکات یان نا؛ ئەگەر بەڵێ بوو، ئەوا دوای هەڵبژاردن سزاکەی بۆ دیاری دەکات. 
 
سزای ساختەکردنی تۆمارە دارایی و بازرگانییەکان لە ساڵێک و چوار مانگ زیندانیکردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە چوار ساڵ.
 
ترەمپ پێشینەی تاوانی نییە، واتە پێش ئەم تۆمەتە هیچ تاوانێکی دیکەی نەکردووە. 
 
لە ویلایەتی نیۆیۆرک، شتێکی دەگمەنە خەڵک لەسەر ئەم جۆرە تاوانانە بخەنە زیندانەوە، بەڵکو ئەوەی زیاتر چاوەڕوان دەکرێت پێبژاردنە، واتە پێدانی پارە وەکو سزایەک یانیش تەنیا دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە تاوەکو ماوەی سزاکەی تەواو دەبێت.
 
ئەگەر کەسێک سزای پێبژاردنی بۆ دەرنەکرێت، ئەوا دەکرێت لە ماڵی خۆیدا بخرێتە ژێر چاودێرییەوە یانیش دەکرێت بتوانێت بڕواتە دەرەوەی ماڵەکەشی، بەڵام هاتووچۆکەی سنووردار دەبێت.