فرۆنتێکس رەتیدەکاتەوە خۆبەخشانی ئاوەکانی ئیتاڵیا هانی هاتنی کۆچبەری زیاتر بدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس) رایدەگەیێنێت، بە بەڵگە بۆیان دەرکەوتووە ئەو خۆبەخشانەی لە ئاوەکانی ئیتاڵیا کۆچبەران بە کەشتی رزگار دەکەن، کارێک ناکەن کە هانی هاتنی زۆرتری کۆچبەران بدەن؛ ئەمەش پێچەوانەی راپۆرتێکە کە پێشتر فرۆنتێکس بڵاویکردبووەوە و راستئاژۆکان دژی کۆچبەران بەکاریدەهێنن.
 
کاتێک کەشتییەکی کۆچبەران لە ئاوەکانی نێوان ئیتاڵیا و یۆنان یان ئیتاڵیا و تورکیا یانیش ئیتاڵیا و لیبیادا تووشی کێشە دەبێت، هانا دەبەنە بەر ئەو کەشتییە خۆبەخشانەی رێکخراوە ناحکومییەکان کە لەو ئاوانەدا هەیانە؛ زۆر کۆچبەر بەهۆی ئەو تیمانەی لەو کەشتییانەدان لە مردن رزگار کراون.
 
زۆر جار پۆلیسی ئیتاڵیا سەرنشینانی کەشتییەکان دەستگیر دەکات. پارتەکەی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش بەردەوام دەڵێت، ئەوانە هانی هاتنی زۆرتری کۆچبەران دەدەن، بۆ ئەمەش پشت بە راپۆرتێکی ساڵی 2022ی پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس) دەبەستن.
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوە گوتراوە، ئەو خۆبەخشانە وادەکەن کۆچبەران پێداگیرتر بن لەسەر هاتنیان بۆ ئەورووپا؛ بەڵام ئەم هەفتەیە هانز لەیتنز، بەڕێوەبەری فرۆنتێکس رایگەیاند، ئەو هەرگیز نەیگوتووە و راشی وانییە کە ئەو خۆبەخشانە هانی کۆچبەران بدەن.
 
پێشتریش کۆمەڵێک دامەزراوەی ئەکادیمی بە هاوکاریی رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لێکۆڵینەوەیان لەوبارەیەوە کردبوو و گەیشتبوونە هەمان ئەو ئەنجامەی بەڕێوەبەری فرۆنتێکس باسی دەکات.