ئەڵمانیا کێشەی دەستی کاری هەیە و داوا دەکرێت ئاسانکاریی زیاتر بۆ چوونی کۆچبەران بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا، کە بەشدارن لە حکومەتی فیدراڵیدا، دەیانەوێت ئاسانکاریی زۆرتر بۆ ئەوانە بکرێت کە لە ئەڵمانیا داوای مافی مانەوەیان کردووە؛ ئاسانکارییەکەش لەوەدا بێت کە زووتر و ئاسانتر بتوانن مافی کارکردنیان هەبێت و یارمەتییان بدرێت کار بدۆزنەوە.
 
کاتارینا درووگە، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا یەکێکە لەوانەی پلانێکی 15 خاڵیی بەناوی سەوزەکانەوە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ کۆچبەران راگەیاندووە.
 
هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت، لە هەموو شوێنێکی ئەڵمانیا کێشەی دەستی کاری کارامە هەیە، هەر لە شۆفێری پاسەوە تاوەکو دەگاتە ئەندازیاران و تیمی پەرستاری، دەستناکەون و زۆر پێویستن.
 
بە گوتەی ئەو سیاسەتڤانەی سەوزەکانی ئەڵمانیا، ئەوە تەنیا رێگەیە بۆئەوەی وا بکرێت کۆچبەرێک کە چووە ئەڵمانیا و لەوێ ژیا، کاریش بکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا ئەڵمانیا ڤیزای کاری داوەتە 80 هەزار کەس، کە نیوەیان کەسانی خاوەن بڕوانامە و کارامە لە پیشەیەکدا بوون.