نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: ئەم ساڵ 46 هاونیشتمانی لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، ئەم ساڵ بەگشتی 900 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کە 46ـیان کورد بوون، هۆشدارییش دەداتە هاونیشتمانییان کە "بەریتانیا و ئەڵمانیا پلانیان بەدەستەوەیە بە هەزاران کۆچبەر دیپۆرت بکەنەوە."
 
رۆژی هەینی 06-09-2024، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی شووباتەوە، 16 رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست، دەریای ئیجە و نۆکەندی ئینگلیزدا تۆمار کراون.
 
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتیشی، "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، بەگشتی ئەم ساڵ 900 کۆچبەر لە هەموو سنوورەکان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 3000 کەسیش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن."
 
بە گوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا، ئەم ساڵ گیانلەدەستدانی کۆچبەرانی کورد بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە، "تاوەکو ئێستا 46 هاونیشتمانی لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوادارین ئەم ژمارەیە زیاد نەکات."
 
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان پێیوایە "تاوانباری سەرەکیی گیانلەدەستدانی کۆچبەران، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپان، چونکە تاوەکو ئێستا لەنێوان خۆیان رێککەوتنێکیان بۆ ناردنی لیژنەیەک نەکردووە، کە بزانن ئەو کەسانەی [لەوبەری ئاوەکانەوە] داوای مافی پەنابەری دەکەن و بەنیازن بەو ئاوەدا بپەڕنەوە کێن؛ دەکرێت ئەمانە بە یاسایی بگوازرێنەوە بۆ نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا."
 
ئەو نوێنەرەی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان رووی دەمی کردە هاونیشتمانیان و گوتی، "گەیشتن بە ئەورووپا هی ئەوە نییە ماڵ، منداڵ و پارەی بۆ بخەیتە مەترسییەوە و کەسوکارت جێبهێڵیت، لە رێگەدا خۆت بکەیتە قوربانی، کەسێکی خێزانەکەت لەدەست بدەیت، یان بگەیتە ئەم بەریتانیا و ئەڵمانیایەی ئێستا کە پلانیان هەیە بە سەدان و هەزاران کەس دیپۆرت بکەنەوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، تەنانەت بۆ ئەفغانستانیش؛ دەبێت خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر ئاگاداری ئەم بابەتە بن."
 
پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتیشی، "وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لەنێو خۆیاندا رێککەوتوون، هەموو ئەو پەنابەرانەی نێوخۆی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، کە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە، بەڵام ئەم وڵات و ئەو وڵاتیان کردووە، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەن کامە وڵات لە سەرەتاوە لێیان بەرپرس بووە، بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنە."
 
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران؛ لە ماوەی ساڵانی نێوان 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248ـیشیان بێسەروشوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێشتا ماویەتی.

هێشتا ماویەتی؛ کۆچ لە کوردستانەوە و ئازاری سەر سنوورەکان لە ئەورووپاوە

هاونیشتمانییان رێگەی چەندین وڵات دەبڕن تا دەگەنە باکووری فەرەنسا. ئەو شوێنە دوایین خاڵی وشکانییە و ئەوەی لە پێشیانە نۆکەندی ئینگلیزە کە فەرەنسا و بەریتانیا لەیەکدی جیادەکاتەوە. لە نزیکترین خاڵدا دووریی ئەمبەر بۆ ئەوبەری نۆکەندەکە 34 کیلۆمەترە. کۆچبەران لە دانکیخ خێوەتیان هەڵداوە. چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆرێکی نوێن بۆ ئەوەی لەگەڵ گزەنگی بەرەبەیان بچنە نێو بەمەلە چووپەکانیانەوە و خۆیان بدەنە دەستی بەزەیی دەریا و قاچاخچی.