ڤیدیۆ.. ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلی میونشن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەوانەی ئەم رۆژانە سەردانی پێشانگەی ئۆتۆمبێلی میونش دەکەن و کەیفیان بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان دێت، رەنگە سەرنجیان بۆ لای ئۆتۆمبێلی مازێراتی رابکێشرێت. (مازێراتی ئێم سی بیست سییەلۆ) کە بەتەنیا لە 12 چرکەدا سەقفەکەی دەکرێتەوە، نرخەکەیشی 250 هەزار دۆلارە.
 
لە پێشانگەکە کەمێک بڕۆیتە ئەولاتر، ئۆتۆمبێلی کۆنسێپتی پۆڕش نمایشکراوە بەناوی (میشن ئێکس)؛ ئۆتۆمبێلێکی کارەباییە کە بە ئۆتۆمبێلی خێرای داهاتوو ناوی دەهێندرێت.
 
کۆمپانیای بی ئێم دەبلیویش ئۆتۆمبێلێکی گولـلەنەبڕی نمایشکرد کە بڕیارە بەم نزیکانە بەرهەمی بهێنێت.  
 
یوهانس لاکە، گوتەبێژی کۆمپانیای بی ئێم دەبلیو دەڵێت، "ئەمە ئۆتۆمبێلی (بی ئێم دەبلیو ئای سێڤن پرۆتێکشن)ـە. یەکەم ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕی کارەبایی جیهانە. دیزاینی بی ئێم دەبلیو سری حەوتی هەیە. بەڵام کراوە بە گوللـەنەبڕ. ئەم ئۆتۆمبێلە سەرنشینەکانی لە هێرشی چەک و تەقینەوە دەپارێزێت."
 
بڕیارە لە مانگی 12ـی ئەم ساڵ کۆمپانیای بی ئێم دەبلیو دەست بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلە گوللـە نەبڕەکەی بکات. کۆمپانیاکە هێشتا نرخەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئامانجی کەسانی دەوڵەمەند و دیپلۆماتە.
 
دەوڵەمەندان جگە لە پاراستن، هەروەها حەزیان لێیە لە کاتی گەشتکردن لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان، کاتێکی خۆش بەسەرببەن.
 
کۆمپانیای ئەڵمانی (وێباستۆ) لە رێگەی تەکنەلۆجیایەکی نوێوە کە دەتوانێت بیداتە براندە گرانبەهاکانی ئۆتۆمبێل، شاشەیەکی گەورەی دروستکردووە کە سەرنشینی پشتەوەی ئۆتۆمبێل دەتوانێت فیلمی سینەمایی پێ ببینێت.
 
هانس رۆزینۆ، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە کۆمپانیای وێباستۆ دەڵێت، "لە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکاندا، بەکارهێنانی شاشە گرنگە، لەبەر ئەوەش ئەم شاشەیە نزیک دەبێتەوە و ئەگەر بتەوێ پاش رۆژێکی پڕ کار، تۆزێک بحەوێتەوە و فیلمێک سەیر بکەی، دەتوانی تایبەتمەندیی شاشەکە بکەیتە تایبەتمەندیی سینەمایی. بەوەش لە کاتێکدا لە رێگەی، چێژ لە شاشەیەکی 32 بۆ 9 ئینجی وەردەگری."
 
پێشانگەی ئۆتۆمبێلی میونشن تاوەکو 10ـی ئەم مانگە بە رووی سەردانکەراندا کراوەیە.