ئیتاڵیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی 'پیربوونی کۆمەڵگە' پەنا بۆ کۆچبەری خوار 18 ساڵ دەبات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوە ناحکومییەکانی ئیتاڵیا داوا دەکەن بۆ گەنجکردنەوەی کۆمەڵگەی پیری ئیتاڵی، سوود لەو کۆچبەرانە ببیندرێت کە تەمەنیان خوار 18 ساڵە.
مارکۆ ئیمپاگلیازۆ، سەرۆکی کۆمەڵگەی سانتجیدیۆ دەڵێت، "پێشنیازێکمان دەربارەی پەناخوازانی خوار 18 ساڵان پێشکێش کردووە و ئێستا زۆر لامان گرنگن. ئێمە ئەو بابەتەمان خستووەتە بەردەم رای گشتی."
حکومەتە راستڕۆکەی ئیتاڵیا سیاسەتی تووند بەرامبەر کۆچبەران پەیڕەو دەکات. بە گوتەی رێکخراوەکان، چوونی کۆچبەران سوود بە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە دەگەیێنێت. نزیکەی 25%ی دانیشتووانی ئیتاڵیا تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵەوەیە.
سەرۆکی کۆمەڵگەی سانتجیدیۆ ئاماژە بەوە دەکات، "چەند جارێکە ئەوە دەڵێین کە ئیتاڵیا دووچاری کێشەی دیمۆگرافیا بووەتەوە و ئێمە کێشەی نەبوونی گەنجمان هەیە. ژمارەی دانیشتووانی وڵات وردە وردە کەم دەکات. ئێمە دەپرسین بۆچی 35 هەزار گەنجمان لە سەنتەرەکانی کۆچبەران هەبوون و ئێستا 20 هەزاریان ماونەتەوە؟ ئێمە باسی 20 هەزار گەنج دەکەین کە تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 17 ساڵاندایە."
ئیتاڵیا لە رێگەی پڕۆگرامێکەوە دەستیکردووە بە پەروەردەکردن و راهێنانی نزیکەی 2000 پەناخوازی بێسەرپەرشت کە بەسەر سەتان ناوەندی پەناخوازاندا دابەشکراون.
عەلا شیهاب، پەناخوازی سووری دەڵێت، "لە لوبنان رووداوی خراپ زۆرن. ئێمە سەلامەت نەبووین، نەماندەتوانی کار بکەین و تێکەڵی کۆمەڵگە ببین. ئێمە بە رێگەی دەریاوە هاتین و پێمان وابوو لێرە دەرفەتی باشترمان دەبێت."
ئەمساڵ تاوەکو 5ی ئەیلوول 115 هەزار و 284 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، کە زیاتر لە 12 هەزاریان خوار تەمەنی 18 ساڵان بوون.