ئەمریکا 'ئەندازیاری' هێرشەکەی سەر کۆنگرێسی بە 22 ساڵ زیندانیکردن سزادا

رووداو دیجیتاڵ

دادگای واشنتن لە پەڕاوی هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 2021، ئێنریک تارییۆ، سەرۆکی پێشووی گرووپی پراود بۆیزی راستڕۆی ئەمریکای بە 22 ساڵ زیندانیکردن، سزادا.
 
نایەب حەسەن، پارێزەری ئێنریک تاریۆ دەڵێ "لەکاتێکدا ئێمە رێز لە بڕیاری دادگەکە دەگرین، بە رێزیشەوە رەتی دەکەینەوە. ئێمە داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکەین. سەپاندنی 22 ساڵ زیندانی بۆ کەیسێكی لەو جۆرە، زۆرە و بەدڵنیاییەوە کار بۆ کەمکردنەوەی دەکەین."
 
گرووپی پراود بۆیز لە ساڵی 2016 دامەزرا و دژە چەپە و پشتگیری لە ترەمپ دەکات؛ هێرشەکەی سەر کۆنگرێس بۆ وەستاندنی پرۆسەی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020 بوو کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر جۆ بایدن دۆڕا. 
 
ئێنریک، خۆی بەشداری هێرشەکەی نەکردبوو؛ تەنانەت ئەو رۆژە لە واشنتنیش نەبووە؛ بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن بە فەرمانی ئەو، 200 ئەندامی گرووپەکەی چوونەتە واشنتن بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس.
 
لیندسی وایتهەرست، شارەزای یاسایی لەبارەی کەیسەکەوە دەڵێ "دادوەر گوتی ئێنریک تارییۆ، سەرۆکی پێشووی گرووپی پراود بۆیز ئەندازیاری هێرشەکە بووە و رۆڵێكی گەورەی لە هێرشەکەی سەر کۆنگرێسدا هەبوو، چونکە 200 لە پیاوەکانی ناردووەتە شوێنەکە، بەڵام ئێنریک بە دادگای گوتووە پەشیمانە لەوەی کارێكی نەکردووە کە پیاوەکانی هێرشەکە بووەستێنن و پاشەکشە بکەن."
 
جگە لە ئێنریکی 39 ساڵ کە درێژترین سزای وەرگرتووە؛ 3 ئەندامی دیکەی گرووپەکە سزا دران و زۆرترینی بە 18 ساڵ زیندانییە.
 
مێریک گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا دەڵێ "بڕیاری سزادانەکەی ئەمڕۆ روونی دەکاتەوە؛ وەزارەتی داد هەموو کارێک بۆ بەرگریکردن لە گەلی ئەمریکا و دیموکراسییەتەکەی، دەکات."
 
دوای ئەم پرۆسەیە، نۆرەی ترەمپە کە داواکاری گشتیی لەو باوەڕەدایە هاندەری هێرشەکە بووە و رێگری لە رێکارێكی یاسایی رادەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات کردووە؛ هەرچەندە ترەمپ دژ بەو گرووپانە نەوەستاوە، بەڵام بە فەرمیش پشتگیریی نەکردوون و هەموو دادگاکان بە پاساوێک بۆ دوورخستنەوەی لە گەیشتنەوەی بە کۆشکی سپی دەزانێت.