نەدیم زەهاوی دووەم بەرزترین پۆست لە حکومەتی بەریتانیا وەردەگرێت
رووداو - هەولێر
نەدیم زەهاوی، سیاسەتڤانی بە بنەچە کورد و وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا لە لایەن لیز ترەسەوە دووەم باڵاترین پۆستی وەزاری پێدرا.
زەهاوی لە کابینە نوێیەکەدا سێ پۆستی پێدراوە: وەزیری کاروباری هەرێمەکانی نێو بەریتانیا، وەزیری یەکسانی و راوێژکاری دوقنشینی لانکاستەر کە لە دوای پۆستی سەرۆکوەزیران باڵاترین پۆستی نێو حکومەتی بەریتانیایە و لە سەرووی هەموو وەزیر و راوێژکارەکانی دیکەوەیە.
دوقنشینی لانکستەر شوێنی بەرێوەبردن و کارگێڕیکردنی هەموو سەروەت و سامانە تایبەتەکانی شا یان شاژنی بەریتانیایە.
لە چوارچێوەی پۆستی راوێژکاری دوقنشینی لانکاستەردا، نەدیم زەهاوی ئەم ئەرکانەی خوارەوەی دەبێت:
- کارگێڕیکردنی سامانی تایبەتی فەرمانڕەوای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.
- راوێژدان بە سەرۆکوەزیران لەسەر دانان و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت.
- سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەکانی لیژنەکانی حکومەت.
- جێبەجێکردنی کارەکانی حکومەت.
- سەرپەرشتیکردنی لیژنە و تیمە تایبەتەکان.
- سەرپەرشتیکردنی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (برێگزیت).
- سەرپەرشتیکردنی کاروباری دەستووری.
- سەرپەرشتیکردنی سیاسەتەکانی نووسینگەی کابینەی حکومەت.
زەهاوی لە مانگی تەممووزدا دوای ئەوەی کە چەند وەزیرێک دەستیان لە حکومەتەکەی بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشوو کشاندەوە، پۆستی وەزیری دارایی وەرگرت.
لە چوارچێوەی پۆستی وەزیری یەکسانییەکانیشدا، یەکێک لەو کارانەی کە چاوەڕوان دەکرێت وەزیرە کوردە فەیلییەکە بیکات، بەیاساکردنی نەهێشتنی ئەو چارەسەرە دەبێت کە لە لایەن حکومەتەوە بۆ رەگەزگۆڕدراوەکان دابین دەکرا. بۆریس جۆنسن، ماوەیەکی کورت بەر لە هەرەسە سیاسییەکەی، بڕیاریدا کە رێگە بە رەگەزگۆڕین نەدات.
هەڵبژاردنی زەهاوی وەکو وەزیری یەکسانییەکان چەند مانگێکی کەم دوای ئەوە دێت کە بەڵێنیدا "منداڵان لە شتی بێمانای ناشیاو بپارێزێت،" کە مەبەست لێی ئەو هەڵمەتانەیە کە داکۆکی لە "ماف"ی هاوڕەگەزخوازان دەکەن، کە ئەوەش لە لایەن هاوڕەگەزخوازانی بەریتانیاوە ترسی ئەوەی نایەوە کە حکومەت بە یاسایەک پەرەدان و داکۆکیکردنی دامەزراوەکانی حکومەت لە "ماف"ی هاوڕەگەزخوازان قەدەخە بکات.
کاتێک کە کێبڕكێی ئەندامانی پارتی پارێزگاران بۆ شوێنگرتنەوەی بۆریس جۆنسن وەکو سەرکردەی پارتەکە و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستیپێکرد، مانگی تەممووز لە گوتارێکدا بەڵێنیدا، سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە "رێگەبدرێت منداڵان منداڵ بن، بپارێزرێن لەو شتە بێمانا زیانبەخش و ناشیاوانەی کە لە لایەن چالاکڤانە توندڕەوەکانەوە بەسەریاندا دەسەپێندرێت." ئەو گوتارەی نەدیم زەوهاوی وەکو دژایەتیکردنی داکۆکیکارانی هاوەڕگەزخوازانی بەریتانیا لێکدرایەوە.