سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا: باج کەم دەکەمەوە و بە چاکسازی گەشە بە ئابوورییەکەمان دەدەین

06-09-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەریتانییەکان لە دۆخێکی ئابووریی ناسەقامگیردا پێشوازییان لە سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکەیان کرد، سەرۆکوەزیرانێک کە لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا رایگەیاند، "پلانێکی گەورەم هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە رێگەی کەمرکردنەوەی باج و ئەنجامدانی چاکسازییەوە."
 
ترەس دوای ئەوەی لەلای شاژنی بەریتانیا گەڕایەوە و "داواکارییە بەخشندەکەی خاوەنشکۆ شاژن"ـی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ پەسندکرد، گەیشتە باڵەخانەی ژمارە 10 لە داونینگ ستریت و گوتارەکەی پێشکێشکرد. 
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی دۆخی وڵاتەکەی کرد، رایگەیاند، "پەرە بە گەشە و وەبەرهێنانی بازرگانی دەدەم. لە ماوەی ئەرکی خۆمدا، چاکسازی ئەنجامدەدەم بۆ ئەوەی بەریتانیا دەست بە کارکردن، بونیادنان و گەشە بکاتەوە. هەنگاوی بەهێز دەنێین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە خەڵک رووبەڕووی تێچووی لە توانابەدەری وزە نەبنەوە."
 
مانگی رابردوو بەریتانیا نرخی وزەی ماڵانی 80٪ زیادکرد؛ نرخەکە لە هەزار و 971 پاوەندەوە کرا بە 3 هەزار و 549 پاوەند و لە مانگی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا ترەس دەیەوێت نرخەکە لەو ئاستەی ئێستای سڕبکات و بە بڕی 400 پاوەند داشکاندن بۆ ماڵباتەکان بکات، هەنگاوێک کە 100 بۆ 130 ملیار پاوەند لەسەر وڵاتەکە دەکەوێت. هاوکات دەشیەوێت باج بە رێژەی 5٪ بۆ کۆمپانیاکان کەمبکاتەوە، کە تێچووەکەی 30 ملیار دۆلار دەبێت.
 
سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا ئەوەشی گوت کە "ئێستا کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو پرسانەیە کە لەبەردەم بەریتانیا بوونەتە بەربەست... پێویستە بارگرانیی خێزانەکان کەمبکەینەوە و هاوکاریی خەڵک بکەین بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن."
 
ئێستا لە بەریتانیا رێژەی هەڵاوسان 10.1٪ـە، بەرزترین ئاست لە 40 ساڵی رابردوودا؛ بانکی ناوەندیی دەڵێت لە کۆتایی ئەمساڵ دووچاری سستیی ئابووریی دەبینەوە و رێژەکە دەگاتە سەروو 13٪. بانکی گۆڵدمان پێشبینی دەکات رێژەکە بگاتە 22٪ و سیتی بانکیش دەڵێت، دەگاتە 18٪. 

 

 

 

 

لیز ترەس گوتی، وەکو سەرۆکوەزیران، بە دوای سێ کاری هەرە لەپێشینەدا دەڕوات:
 
یەکەم: بەریتانیا دووبارە بەهێزدەکەمەوە. پلانێکی گەورەم هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە رێگەی کەمکردنەوەی باج و ئەنجامدانی چاکسازییەوە؛ باج کەمدەکەمەوە بۆ ئەوەی پاداشتی کاری سەخت بدەمەوە و پەرە بە گەشە و وەبەرهێنانی بازرگانی دەدەم. لە ماوەی ئەرکی خۆمدا، چاکسازی ئەنجامدەدەم بۆ ئەوەی بەریتانیا دەست بە کارکردن، بونیادنان و گەشە بکاتەوە. هەنگاوی بەهێز دەنێین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە خەڵک رووبەڕووی تێچووی لەتوانابەدەری وزە نەبنەوە؛ هەروەها جەختدەکەینەوە لە دروستکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە، رێگەوبان و تۆڕی پەیوەندی.
 
دووەم: من بە دەستی خۆم مامەڵە لەگەڵ قەیرانی وزە دەکەم کە بەهۆی جەنگی پووتینەوە دروستبووە. هەر لەم هەفتەیەدا هەنگاودەنێم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پسووڵەی وزە و مسۆگەرکردنی بڕی وزەی پێویست بۆ داهاتوومان.
 
سێیەم: دڵنیا دەبمەوە لەوەی کە خەڵک بتوانێت وادەی سەردانیکردنی پزیشک و ئەو خزمەتگوزارییانەی چاودێریی تەندروستیی نیشتمانی بەدەستبهێنن کە پێویستیانە. خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆمان دەخەینە سەر بناخەیەکی پتەو. لە رێگەی بەجێگەیاندنی کارەکانی ئابووری، وزە و چاودێری تەندروستیی نیشتمانی، وڵاتی خۆمان دەخەینە سەر رێگەی سەرکەوتنێکی درێژخایەن. نابێت ئەو بەربەستانەی رووبەڕوومان دەبنەوە بمانترسێنن، من دەزانم، زریانەکە چەند بەهێزبێت، خەڵکی بەریتانیا بەهێزترن. وڵاتەکەمان لە لایەن ئەو کەسانەوە بونیادنراوە کە کارەکان بە ئەنجامدەگەیێنن. ئێمە یەدەگێکی گەورەی بەهرە، وزە و پێداگرییمان هەیە. پشتڕاستم کە ئێمە پێکەوە دەتوانین زریانەکە تێپەڕێنین. دەتوانین ئابوورییەکەمان دووبارە بونیادبنێینەوە. دەشتوانین ببینە بەریتانیایەکی سەردەمیانەی گەش کە دەزانم لە تواناماندایە. ئەمە ئەرکی گرنگی ئێمەیە بۆ ئەوەی دەرفەت و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو خەڵک و نەوەی داهاتووش مسۆگەربکەین. پێداگرم لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانم.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.