دوای هەڵاتنی سەرۆکوەزیران، سوپا بەنگلادیش بەڕێوەدەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دەستلەکارکێشانەوەی شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش، ئێستا سوپا جڵەوی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست.
 
حەسینەی تەمەن 76 ساڵ، لە ساڵی 2009وە لە دەسەڵاتدا بوو. سەرۆکوەزیرانەکە تۆمەتبار بوو بە ساختەکردنی هەڵبژاردنەکانی کانوونی دووەم. مانگی رابردووش ملیۆنان کەس خۆپێشاندانیان لە دژی کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کرد.
 
دوای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا خۆپێشاندانەکان کپ بکەن، سەتان کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام ناڕەزاییەکان دواتر فراوانتر بوون، تاوەکو رۆژی دووشەممە، حەسینە ناچار بوو بە هێلیکۆپتەرێک بەنگلادیش جێبهێڵێت و سوپا لێی هەڵگەڕایەوە.
 
جەنەڕاڵ واکەر زەمان، سوپاسالاری بەنگلادیش ئێوارەی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، حەسینە دەستی لەکارکێشاوەتەوە و سوپا حکومەتێکی کاربەڕێکەر پێکدێنێت.
 
دوای ئەوەی هاووڵاتییان هەڵیانکوتایە سەر شوێنی مانەوەی حەسینە و تاڵانیان کرد، واکەر گوتی، "وڵات نەهامەتیی زۆری بینیوە، ئابووری گورزی بەرکەوتووە، خەڵکێکی زۆر کوژراون، ئیدی کاتی ئەوەیە تووندوتیژی بوەستێت."
 
دوای قسەکانی واکەر، ملیۆنان بەنگلادشی چوونە سەر شەقامەکانی داکای پایتەخت. 
 
سازد ئەحنەف، کە تەمەنی 21 ساڵە، دەڵێت، "زۆر دڵخۆشم بە ئازادکردنی وڵاتەکەمان،" رووداوەکە بە ئازادبوونی نیو سەدە لەمەوبەری بەنگلادیش لە پاکستان دەچووێنێت. ئەو دەڵێت، "ئێمە لە دیکتاتۆری رزگار کراین. ئەمە راپەڕینێکی بەنگالییە، ئەوەی لە 1971 بینیمان، ئێستا لە 2024 دەیبینینەوە."
 
بەڵام لە هەمان کاتدا دیمەنی ئاژاوە و پشێویش هەبوو. پۆلیس رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، لانیکەم 109 کەس کوژراون، لە کاتێکدا کە هەندێک خەڵکی تووڕە هێرشیان کردووەتە سەر لایەنگرانی حەسینە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەنەوە.
 
خۆپێشاندەران خۆیان بە پەرلەماندا کرد و هەندێک کەناڵی تەلەڤیزیۆنییان سووتاند، هەندێکی دیکەشیان پەیکەرێکی گەورەی شێخ موجیبوور رەحمانی باوکی حەسینەیان شکاند و لابرد، کە بە پاڵەوانی سەربەخۆیی بەنگلادیش دادەنرا.
 
هەندێک خەڵکی دیکە مۆزەخانەیەکیان سووتاند، کە تایبەت بوو بە یادکردنەوەی شێخ موجیبوور. هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی قەزا ئەحمەد دەڵێت، "کاتی ئەوە هاتووە لە بەرامبەر ئەشکەنجە، لێپرسینەوەیان لێ بکرێت. شێخ حەسینە بەرپرسە لە کوشتن."
 
بنکە و نووسینگەکانی پارتەکەی حەسینە لە سەرانسەری وڵاتەکە تاڵانکران و سووتێنران. 
 
گرژییەکان مانگی رابردوو دەستیانپێکرد، کاتێک کە خۆپێشاندان لە دژی یاسایەک کرا کە 30٪ی دەرفەتەکانی کاری کەرتی گشتی تەرخاندەکرد بۆ منداڵ و نەوەکانی ئەوانەی لە جەنگی سەربەخۆیی دژی پاکستان دا بەشدارییانکردبوو. دواتر ناڕەزاییەکان فراوانتر بوون و داواکارییەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حەسینە گۆڕدران. 
 
حکومەتەکەی حەسینە لەلایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە تۆمەتبار دەکرا بە گەندەڵی و خۆسەپاندن بەسەر دەسەڵات و سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن، لە نێویاندا لە رێگەی کوشتن بێ دادگەییکردن.
 
لانیکەم 366 کەس لە تووندوتژییەکاندا کوژران کە لە رۆژانی سەرەتای تەممووزەوە دەستیان پێکرد.