'هەنگوینی هۆشبەر'ی رووداو لە ئوسترالیا پێشان دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی "هەنگوینی هۆشبەر"ـی تۆڕی میدیایی رووداو لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی پێشان دەدرێت. بەڵگەفیلمەکە تاوەکو ئێستا براوەی دوو خەڵاتی تێلی ئەمریکی و فێستیڤاڵی ئاتڤیکڤارونییە لە هیندستان.
 
بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر چیرۆکی کۆمەڵێک گوندنشین لە نیپاڵ دەگێڕێتەوە کە لە بڵندایی چیاکانی هیمالایا، بە پەت و داری بامبوو بەسەر شاخەکاندا هەڵدەگژێن بۆ دەرهێنان و هێنانە خوارەوەی هەنگوینی کێوی.
 
بڕیارە بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ فیلم لە مێلبۆرنی ئوسترالیا لە رێکەوتی 14/10/2024 بۆ ماوەی چوار رۆژ پێشان بدرێت.
 
نوێنەرانی عێراق و ئوسترالیا سەرسامیی خۆیان بە کارەکەی رووداو پێشاندا، یەعروب عەنبەگی، کاربەڕێکەری کاتیی باڵوێزخانەی عێراق لە کانەبێرای ئوسترالیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شانازی بە گەشەسەندنی رووداو و گەیشتنی بە سەکۆیەکی نێودەوڵەتی دەکەین، لە رێگەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی فیلمەکان کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لە شاری مێلبۆرنی ئوسترالیا."
 
یەعروب دەشڵێت، "رووداو لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و گەیشتە هیمالایا، ئێستاش دەگاتە خاکی کەنگەرەکان بۆ دروستکردنی تێکەڵەیەک لە کولتوورەکان کە ئامانج لێی رۆشنبیرکردنی بینەرانییەتی." هەروەها دەڵێت، خەڵک لە نیپاڵەوە تاوەکو ئوسترالیا کارەکانی رووداویان بەدڵ بووە. ئەوەش زیاتر نێودەوڵەتیبوونی رووداو دەردەخات.
 
هەنگوینی هۆشبەر لە رێگەی کۆکردنەوەی شیلەی گوڵی رۆدۆدێندرۆن، کە لە بەرزاییەکانی چیاکانی هیمالایا دەڕوێت، دروست دەبێت. مێش هەنگی هیمالایا کە یەکێکە لە گەورەترین جۆری مێش هەنگەکانی جیهان، شیلەی گوڵەکە لە دوو وەرزی ساڵ دا کۆدەکەنەوە. بەهۆی هەبوونی بڕێک لە مادەی گرایانۆتۆکسن، هەنگوینەکە لەکاتی خواردنی دا مرۆڤ سەرخۆش دەکات.
 
بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر چیرۆکی ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە دەچنە شاخەکان و هەنگوینەکە کۆدەکەنەوە و شێوەی بەکارهێنانی لەلایەن گوندنشینەکانەوە دەگێڕێتەوە.
 
گلێن مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆشحاڵم بەڵگەفیلمی 'هەنگوینی هۆشبەر' بەشێک دەبێت لە فێستیڤاڵی فیلمی رێکخراوە ناحکومییەکان لە مێلبۆرن. فیلمێکی سەرنجڕاکێش کە لە پەیوەندیی نێوان هەنگەوانە رەسەنەکانی ئەو وڵاتە و ئەو هەنگوینەی کۆی دەکەنەوە، قووڵ دەبێتەوە. بەڵگەفیلمەکە گرنگیی زانستی رەسەن و رێزگرتن بۆ سرووشت پێشان دەدات."
 
بەڵگەفیلمەکانی رووداو بەم دواییە چەندین خەڵاتی گرنگی وەک وێبی و تێلییان پێبەخشرا.
 
ھەژار ئەرگۆشی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی بەرھەمھێنانی رووداو لەو بارەیەوە دەڵێت، "جێگەی شانازییە ماندووبوون و لێهاتوویی کارمەندانی رووداو نەک تەنیا لە کوردستان پێزانینی هەیە، بەڵکو بینەری وڵاتان و کیشوەرەکانی دیکەش بەرهەمی ئەو ماندووبوون و لێهاتوویەی رووداو دەبینن."
 
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ فیلم بایەخ بە پاڵپشتیکردن لە ئەو کەس و کۆمپانیایانە دەدات کە سەربەخۆیانە فیلم و بەڵگەفیلم بەرهەم دەهێنن. ساڵی رابردوو دوو هەزار و 209 فیلم لە 126 وڵاتەوە لە فێستیڤاڵەکە تۆمارکرابوون، تەنیا 50 دانەیان پێشاندراوە. تیمی ئەمساڵی فیستیڤاڵەکە فۆکەس دەخاتە سەر بابەتی کۆچبەر، زانیاری رەسن و پاراستنی ئیکۆلۆژی.
 
کۆماری کینیا، یونیسکۆ و وەزارەتی دەرەوەی چیک بەشێک لە هاوبەشانی فێستیڤاڵەکەن.
 
عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو لەبارەی ئەو دەستکەوتە بۆ بەڵگەفیلمەکەی رووداو رایدەگەیێنێت، "رووداو بە کاری جیاواز و دڵسۆزیی کارمەندانی بۆ کارەکانیان رۆژانە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و توانای کورد بۆ تەواوی جیهان پێشان دەدات. بەرهەمەکانی رووداو ئەم ساڵ لە هیندستانەوە تاوەکو ئەمریکا جێگەی باس و رێزلێنانی میدیاکاران و بەرهەمهێنەرانی فیلم بوون."