رووداو دیجیتاڵ
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا تیم وۆڵز، حاکمی ویلایەتی مینیسۆتای بە جێگری خۆی دیاریکرد.
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، هاریس رایگەیاند کە وۆڵزی وەک جێگری خۆی بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا دیاریکردووە.
وۆڵز پێشتر مامۆستا بووە و 12 ساڵیش وەک ئەندامی کۆنگرێس کاری کردووە و ئێستا حاکمی ویلایەتی مینیسۆتا و سەرۆکی کۆمەڵەی حاکمە دیموکراتەکانی ئەمریکایە.
کاتێک جۆ بایدن لە کۆتایی مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی تەمموز رەخنەی زۆری لێدەگیرا و داوای کشانەوەی لە بەربژێربوونی پارتی دیموکرات لێدەکرا، تیم وۆڵز یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی پشتگیری بایدنی دەکرد.
کاتێکیش کامالا هاریس ویستی خۆی بۆ بوون بە بەربژێری دیموکراتەکان راگەیاند، وۆڵز پشتگیری خۆی بۆ راگەیاند.
تیم وۆڵز پاڵپشتی لە مافی هاوڕەگەزخوازان دەکات و پێیوایە دەبێت رێکاری تووندیش بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک بگیرێتەبەر. ئەو کەسایەتییەی پارتی دیموکرات لەگەڵ ئەوەدایە ژنان مافی لەباربردنی منداڵیان هەبێت و لەگەڵ رێکخستنەوەی یاسای کۆچبەرانیشە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کامالا هاریس بووە بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
تیم وۆڵز
ناوی تەواوی تیمیسی جەیمس وۆڵز ـە
لە 6ـی نیسانی 1964 لە شاری وێست پۆینت لە ویلایەتی نیبراسکا لەدایکبووە
لە 7-1-2019ـەوە حاکمی ویلایەتی مینیسۆتایە
ساڵی 1989 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەدەستهێناوە
ساڵی 1998 بڕوانامەی ماستەری لە پەروەردە بەدەستهێناوە
لە نێوان ساڵانی 2007 و 2019 نوێنەری ویلایەتی مینیسۆتا بوو لە کۆنگرێسی ئەمریکا
لە ساڵی 1989 تاوەکو 2006 مامۆستا بوو و وانەی جوگرافیای گوتووەتەوە
24 ساڵ لە هێزی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا کاری کردووە
ئەو سیاسەتانەی کە وۆڵز پشتیوانییان دەکات ئەمانەن:
- دەستڕاگەیشتنی زیاتری ئەمریکییەکان بە کەرتی تەندروستی
- دابینکردنی زیاتری یارمەتی دارایی بۆ قوتابخانەکان
- بەهێزکردنی ئابووریی ئەمریکا و مووچەی دادپەروەرانە
- پاڵپشتی لە مافی هاوڕەگەزخوازان و یەکسانی جێندەری
- پاڵپشتی لە رێکاری زیاتر بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک
- گۆڕانکاری لە یاسای کۆچبەری
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ