بڕیاری زیندانیکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی زۆری پۆلیس چوونە بەردەم ماڵی عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە شاری لاهوور لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و دەستگیریان کرد، ئەویش داوای لە لایەنگرانی کرد، بێدەنگ نەبن.
 
دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە دوای بڕیاری دادگای ئیسلام ئاباد دێت، کە بڕیاریدا بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزای بدات. لایەنگرانی لەبەردەم ماڵەکەی کۆبوونەوە و بە هوتافی "گیانمان بە قوربانی عیمران خان بێت." پشتگیرییان بۆی دەربڕی.
 
تانڤیر ئەحمەد، لایەنگرێکی عیمران خان لەبەردەم ماڵی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستانەوە گوتی، "عیمران خان سەرکردەی پاکستان و سیمبوولی یەکگرتوویێتی. ئەو دەیەوێت ئەم وڵاتە بپارێزێت، کەچی حکومەت دەستگیری دەکات، ئەم وڵاتە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ پاڵەوانەکانیدا دەکات."
 
خان، یاریزانی پرۆفیشناڵی پێشووی کریکێتە و لە ساڵی 2018 بە سەرۆکوەزیرانی پاکستان هەڵبژێردرا، دواتر لە 2022 لە پەرلەمان بە تۆمەتی "گەندەڵی و شاردنەوەی راستییەکان" متمانەی لێ سەندرایەوە.
 
دژانی خان، زیاتر لە 100 تۆمەتیان ئاراستە کردووە. دیارترینیان ئەوەیە، گوایە ئەو دەمەی سەرۆکوەزیران بووە، دیاریی لە چەندین کەسایەتی بیانی وەرگرتووە و فرۆشتوونەتییەوە بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات، بەهای خەڵاتەکانیش بە سەرووی 635 هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
دادگا دەڵێت "خان خیانەتی لە ئەمانەت کردووە"، لەبەرامبەردا خان سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت "سیاسین."
 
لە دوای 15 خولەک لە بڕیاری دادگە، پۆلیس خانیان لە ماڵەکەی دەستگیرکرد و بردیانە زیندانی ئەدیالا لە شاری رەوالبەندیی باشووری وڵات.
 
لاینەگرانی لەسەر داوای خودی خان، خۆپیشاندانیان کرد و پارێزەرەکەشی بۆ میدیاکان قسەی کرد.
 
راجا هاروون، پارێزەری عیمران خان سەبارەت بە تۆمەتەکانی دراونەتە پاڵ خان، گوتی "دادوەر دلاوەر بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزای خانی داوە. ئەمە، سزادانێكی سیاسییە و دەشزانین چ لایەنێك لە پشتەوەیەتی، بە دڵنیاییەوە ئێمە تێهەڵچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەین."
 
دەگوترێت، ئەوەی کە خانی کردە سەرۆکوەزیران و پاشان لە دەسەڵات دووریخستەوە، دواتر تۆمەتەکانیشی خستەپاڵ، سوپای وڵات بووە، هۆکارەکەش دەرچوونی خان بووە لە هێڵی بەرژەوەندییەکانی سوپا، ئەو دامەزراوە بە‌هێزەی، لە پشتەوە رووداوەکان دەجووڵێنێت.
 
بە زیندانیکردنی، عیمران خان مافی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی وڵاتی نابێت، کە چاوەڕێ دەکرێت لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.