دوو بەلەمی پڕ لە کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکان
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تێکشکان و نقومبوونی دوو بەلەم لە دەریای نێوەڕاست نزیک لە دوورگەی لامپیدوسای ئیتاڵیا، لانیکەم دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بێ سەروشوێنن.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ یەکشەممە، 6-8-2023 بڵاویکردەوە، دوو بەلەم لە نزیک دوورگەکە نقوم بوون و 28 کەس لە سەرنشینانی یەکێکیان و 3 کەسی دیکە لە سەرنشینانی ئەوی دیکەیان بێسەروشوێنن.
پاسەوانی سنووری ئاویی ئیتاڵیا دەڵێت، هەوڵیانداوە یارمەتی کۆچبەرەکان بدەن و زیاتر لە 50 کەسیان رزگارکردوون، بەڵام دوو کەسیش خنکاون و تەرمەکانیان دەرهێناون.
ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی بڵاویکردەوە، 48 کەس لەنێو بەلەمێکیان و 42 کەسی دیکە لەنێو بەلەمەکەی دیکەدا بوون.
باوەڕ وایە ئەو دوو بەلەمە رۆژی پێنجشەممە، 3-8-2023 لە تونسەوە بە ئاراستەی ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون.
ئەو سنوورە ئاوییەی کۆچبەران لە تونس و لیبیاوە پێیدا دەپەڕنەوە بۆ ئەوروپا، بە رێگەی "نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست" ناسراوە و ساڵانە هەزاران کەس بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا دەیگرنەبەر.
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014ـەوە زیاتر لە 20 هەزار کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە و 441 کەسیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بوون.