لە هەنگاریا ئەندازیارێکی کشتوکاڵی شووتیێکی 63 کیلۆیی بەرهەمدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاریا ئەندازیارێکی خانەنشینبووی کشتوکاڵی، شووتیی گەورە بەرهەمدێنێت، کە کێشی هەندێکیان تاوەکو 63 کیلۆگرام دەڕوات.
 
تاماس دارڤاس، خەڵکی شاری بێکێش ـی هەنگاریایە. قەبارەی ئەو شووتیانەی ئەو دەیانڕوێنێت، ژمارەی پێوانەییان تۆمارکردووە. 
 
دارڤاس ماوەی سێ دەیەیە ئەو کارە دەکات و دوای خانەنشینبوونیشی دەستی لێ بەرنەداوە. 
 
چیرۆکی ئەندازیارە کشتوکاڵییەکە و ئەم شووتییە قەبارە نائاساییانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1998، کاتێک کە 10 دەنکەتۆوی شووتیی لە ئەمریکا بردووە و چاندوونی و ساڵ دوای ساڵ گەورەترین دەنکەتۆوی هەڵگرتووە و دووبارە بەکاریهێناونەتەوە، تاوەکو ئەمساڵ کێشی شووتییەکانی گەیشتە سەرووی 60 کیلۆگرام. 
 
دارڤاس لە خانووە پلاستیکییەکەیدا، دەستی بە شووتییەکاندا دەکێشێت و لەو رێگەیەوە بە ئاسانی دەزانێت کامیان گەییوە و کامیان ماویەتی. 
 
یەکێک لە شووتیە زەبەلاحەکانی بە دوو پیاو هەڵیدەگرن و لەسەر تەرازووێک دایدەنێن؛ کێشەکەی سەرووی 63.5 کیلۆگرام دەبێت، کە دەکاتە کێشی شەش شووتیی ئاسایی. 
 
ئەندازیارە کشتوکاڵییەکە دەڵێت، شووتییەکانی شیرینن و خەڵکی شارەکە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پێگەییشتنیان دەکەن.