رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی چین رایانگەیاند، بەهۆی تەقینی بەشێکی دیواری بەنداوی دۆنگتینگ لە نێوەڕاستی وڵاتەکە، شەش هەزار کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، میدیای فەرمی چین لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، لە هەرێمی هونانی نێوەڕاستی وڵاتەکە بەشێکی دیواری بەنداوی دۆنگتینگ تەقیوە و بەهۆیەوە لافاو لە ناوچەکانی دەوروبەری دروست بووە. بەرپرسان دەشڵێن، تەقینی بەنداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام بەهۆیەوە شەش هەزار کەس گوێزراونەتەوە شوێنێکی سەلامەت.
لە دیمەنەکانی دوای تەقینی دیوارەکەوە دەردەکەوێت؛ ئاو چووەتە نێو بەشێک لە کێڵگە و ماڵی دانیشتووانی ناوچەی هوارۆنگ لە هەرێمی هونان.
سەنتەری کۆنترۆڵکردنی رێگەکانی چین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، وەکو رێگەیەک بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە لافاو؛ ژمارەیەک رێکاریان لەو رێگەیانەی دەچنە ناوچەی هوارۆنگ گرتوونەتەبەر. راشیانگەیاند، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی خۆراک و هاوکاری دەگوازنەوە، رێگە بە هیچ ئۆتۆمبێلێکی دیکە نادەن بچنە ناوچەکەوە، کە نزیکەی 500 هەزار کەسی تێدا دەژین.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین رایگەیاند، "داوا لە تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن دەکەم کار بۆ پاراستنی سەر و ماڵی خەڵکی بکەن."
وەزارەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی چین دەڵێت، نزیکەی 800 کارمەند، 150 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و دەیان بەلەمیان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ناوچەکە ناردووە. وەزارەتەکانی دارایی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانیش دەڵێن، حکومەتی ناوەندی نزیکەی 74 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییە زیانبەرکەوتووەکان تەرخانکرد.
هونان کەوتووەتە باشووری چین و زۆرینەی ناوچەکە شاخاوییە. 67 ملیۆن و 370 هەزار کەس لەوێ دەژین. 21ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، لە هەرێمی گوانگدۆنگ کە کەوتووەتە باشووری چین، بەهۆی لافاوەوە 38 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ