بایدن بە هەڵە دەڵێت 'یەکەم ژنی رەشپێستم لە کۆشکی سپی کارم کردبێت'

رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە دەمی تێکئاڵا و بە هەڵە گوتی، "من یەکەمین ژنی رەشپێستم" کە لە کۆشکی سپی کاری کردبێت. 
 
بایدنی تەمەن 81 ساڵ، قسەی بۆ رادیۆیێکی وڵاتەکەی دەکرد. دەیویست باسی کامالا هاریسی جێگری خۆی و باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتر بکات. 
 
کامالا هاریس یەکەمین ژنی رەشپێستە بووبێتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و باراک ئۆباماش یەکەمین پیاوی رەشپێستە بووبێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە. 
 
بەڵام بایدن لەکاتی قسەکردندا لێی تێکدەچێت و دەڵێ "من، شانازی دەکەم کە یەکەمین جێگری سەرۆک بووم، یەکەمین ژنی رەشپێست بووم لەگەڵ سەرۆکێکی رەشپێست خزمەتم کردووە."
 
ئەم هەڵەیەی بایدن لە کاتێکی ناخۆشدا بۆ خۆی و پارتەکەی دێت، چونکە لە دیبەیتەکەی لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئاستێکی خراپی پێشاندا و دیموکراتەکانی خستە دۆخێکی لەرزۆکەوە، بەجۆرێک 
بەشێکیان بیر لە دوورخستنەوەی دەکەنەوە بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە بخەنە شوێنی. 
 
بەڵام بایدن هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی؛ لە توانایدا ماوە تاوەکو ساڵی 2028 سەرۆکایەتیی گەورەترین وڵاتی زلهێزی جیهان بکات.