نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەندامانی جەستەی کۆچبەرانی ئەفریقی دەدزرێن

06-07-2024
نیاز مستەفا
کۆچکردنی کۆچبەرانی ئەفریقا
کۆچکردنی کۆچبەرانی ئەفریقا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک کۆچبەری وڵاتانی ئەفریقا لە باکووری توونسن، بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا نایانەوێت خۆیان لە دەریای نێوەڕاست بدەن. بەڵام مەترسیی ئەو رێگە وشکانییەی پێیدا گەیشتوونەتە توونس، لە دەریا کەمتر نەبووە.
 
ڤینسێنت کۆشێتێل، نێردراوی تایبەتی UNHCR بۆ دۆخی رۆژهەڵات و نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست دەڵێ "ژمارەیەک خەڵکی زۆر پێمان دەڵێن ئاگاداری ئەوەن کەسێک لەو رێگەیە گیانی لەدەستداوە، بەڵام راستیەکەی زۆرتر لە رێگەی وشکانی گیان لەدەست دەدەن بەراورد بە دەریا."
 
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 785 کۆچبەری وڵاتانی ئەفریقا لە کاتی چوونیان بەرەو باکووری کیشووەرەکە گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. ئەمە لەکاتێکدایە لە هەمان ماوەدا هەزار و 379 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست یان رێگە وشکانییەکانی بەرەو ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەرپرسانی ئەو رێکخراوە ئاماژە بە ژمارەیەک مەترسیی دیکەی رێگەی کۆچبەرانی ئەفریقا بەرەو باکووری کیشوەرەکەیان دەکەن.
 
لاورێنس هارت، بەڕێوبەری نووسینگەی هاوئاهەنگی بۆ دەریای نێوەڕاست دەڵێ "زۆربەی جار قاچاخچییەکان و بازرگانانی کارە نایاساییەکان، رێگەیەکی بەهێزیان بۆ گفتوگۆکردن و راکێشانی سەرنجی کۆچبەران هەیە؛ باسی ئاسانیی رێگەکە و هەرزانیی نرخیان بۆ دەکەن، بەڵام دواتر دووچاری مەرگەسات دەبنەوە."
 
لەم راپۆرتەیدا، نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچوونی 31 هەزار و 542 کۆچبەری لەبارەی رێگەکەوە وەرگرتووە.
 
کۆچبەرەکان بەمشێوەیە پۆلێنی مەترسییەکانی رێگەکەیان کردووە: 
 
یەکەم: تووندوتیژی جەستەیی 38٪ـیان بە یەکەم مەترسیی رێگەکەی دەزانن.
دووەم: 31٪ـی کۆچبەرەکان دزیکردن بە دووەم مەترسی دادەنێن.
سێیەم: 30٪ـیان زیندانیکردن بە گەورەترین مەترسی دەزانن.
چوارەم: 21٪ـیان لێسەندنی پارە و پێداویستییەکانی دیکەیان بە چوارەم مەترسی رێگەکە دادەنێن.
 
ڤینسێنت کۆشێتێل، نێردراوی تایبەتی UNHCR بۆ دۆخی رۆژهەڵات و نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست دەڵێ "زانیاریمان هەیە کە قوربانییەکان ئەندامانی جەستەیان دەدزرێن. ژمارەیەک خەڵک ئەو کارە دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەت بمێننەوە و پارەی رێگەکەیان نەدەن."
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، نۆ مانگی یەکەمی پار 213 هەزار و 896 کەس لە ئەفریقاوە چوونە ئەورووپا، ئەمە لەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی پار 342 هەزار و 233 کۆچبەر و پێرار 438 هەزار و 487 کەس چووبوونە وڵاتانی ئەورووپا.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە