بایدن: لە دیبەیتی سەرۆکایەتی زۆر نەخۆش بووم؛ واز ناهێنم و کەس لە من بۆ سەرۆکایەتی شیاوتر نییە

06-07-2024
تەنیا ئەحمەد
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: SCOTT OLSON / AFP
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: SCOTT OLSON / AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم هەڤپەیڤین و بانگەشەی هەڵبژاردن دوای دیبەتی سەرۆکایەتی، بایدن دڵنیایی دایە لایەنگرەکانی کە لە کێبڕکێیەکە دەمێنێتەوە و لە ترەمپیش دەباتەوە. بایدن دانی بەوەدا نا کە لە دیبەیتەکە باش نەبووە و گوتی، "خراپ سەرمام ببوو؛ نەخۆش بووم."
 
رۆژی هەینی 05-07-2024، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد. بایدن لەبارەی هۆکاری ئاستی خۆی لە دیبەیتەکەدا گوتی: "زۆر نەخۆش بووم؛ خراپ سەرمام ببوو. هەستم بە باشی نەدەکرد."
 
رۆژی 28-06-2024 دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەنێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەچوو. دیبەیتەکە لە ستۆدیۆیەک بێ ئامادەبووان بەڕێوەچوو و 90 خولەکی خایاند. دوای تەواوبوونی، لە راپرسییەکدا بۆچوونی خەڵک لەبارەی ئاستی دوو بەربژێرەکە وەرگیرا؛ 67%ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیرا دەنگیان بە ترەمپ و 33٪ دەنگیان بە بایدن دا.
 
ئاستی بایدن لە دیبەیتەکەدا بەشێکی دیموکراتەکانی نیگەران کرد. لۆید دۆگێت، ئەندامی کۆنگرێسە لەسەر ویلایەتی تێکساس و گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکان لەنێویاندا ئەندامانی کۆنگرەی نیشتمانی پارتەکە لە توانای هزری و جەستەیی بایدن نیگەرانن".
 
بایدن لە یەکەم هەڤپەیڤینی دوای دیبەیتەکەدا بە بڕوا بەخۆبوونەوە گوتی: "باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک لەمن زیاتر شیاوی پۆستی سەرۆکایەتی و بردنەوەی ئەم کێبڕکێیە بێت."
 
لە دیبەیتەکەدا ترەمپ داوای لە بایدن کرد: "ئەگەر دەتوانی تەنیا یەک تاقیکردنەوەی هۆشیاری و هزری بکە."
 
بایدن لەسەر ئەو قسەیەی ترەمپ رایگەیاند، ئەو ئەرکانەی رۆژانە وەک سەرۆکێک رایاندەپەڕێنێت "وەک ئەوە وایە هەموو رۆژێک تاقیکردنەوە بکەم."
 
بایدن هەروەها پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئەگەر دڵنیابوویەوە لە ترەمپ ناباتەوە، وازدەهێنێت؟ لە وەڵامدا گوتی: شتی وا هەرگیز روونادات.
 
چەند کاژێرێک پێش ئەو هەڤپەیڤینە، بایدن لە شاری مایدسن لە ویسکۆنسن بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد و بە لایەنگرانی گوت: "ناتوانم بڵێم باشترین ئاستی خۆم لە دیبەیتەکەدا پێشکێش کرد، بەڵام لەو کاتەوە قسە و باس زۆر دەکرێن کە ئایا بەنیازی چیم. با لێرە وەڵام بدەمەوە. لە کێبڕکێیەکە دەمێنمەوە و لە دۆناڵد ترەمپیش دەبەمەوە."
 
بایدن پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئایا سەیری دیبەیتەکەی کردووەتەوە؟ گوتی: "نەخێر، سەیرم نەکردووەتەوە. شەوێکی خراپم بەسەربرد، ماندوو بووم."
 
بایدن تەمەنی 81 ساڵە، لە دیبەیتەکە کەرتی تەندروستی و ئاسایشی سنووری تێکەڵ کرد و دەمی تەتەڵەی کرد. ئەو کات ترەمپ بە تەنزەوە گوتی: "نازانم چی گوت؛ پێم وانییە خۆی زانیبێتی چی گوتووە."
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، 47.5٪ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دەڵێن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا دەنگ بە ترەمپ دەدەن، 44.2٪ـیش دەڵێن دەنگیان بۆ بایدنە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە