بۆ رێگری لە کۆچبەران، ئیتاڵیا داوای هاوکاری لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 56 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە روویان لە ئیتاڵیا کردووە. ئێستا ئەوروپییەکانیش دەیانەوێت رێککەوتنێکی گشتیی ئەوروپی هەبێت تاوەکو چیدیدکە تەنیا ئیتاڵیا رووبەڕووی گوشاری کۆچبەران نەبێتەوە و گوشارەکە بەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا دابەش بکەن.
سەرەتای ڤیدیۆکە ساتی رزگارکردنی کۆچبەرانی نێو بەلەمێکە لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدوسا لە باشووری ئیتاڵیا، لەلایەن هێزی دەریایی ئەو وڵاتەوە.
کۆچبەرەکان کە ژمارەیان 44 کۆچبەر بوو، زۆربەیان منداڵ و ئافرەت بوون، هەندێک لە ئافرەتەکانیش دووگیان بوون.
مەترسییەکانی رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا، کۆچبەرانی نەترساندووە و ئیتاڵیاش دەیەوێت یەکێتی ئەوروپا هاوکاریی بکات رێگە لە شەپۆلی کۆچبەران بگرێت.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بە دیاردەی کۆچبەری نایاسایی بهێنین، هەتا ئەوروپا نەگاتە ئەو بڕوایەی لەوەی دەتوانێت چۆن ئەو پرسە چارەسەر بکرێت و گفتوگۆی لەبارەیەوە نەکات کە چۆن دەتوانێت ئیدارەی کۆچبەران بکات، لەکاتی گەیشتنیان بۆ نێو خاكی ئەوروپا، هەرگیز ناتوانین چارەسەرێکی راستەقینە بدۆزینەوە".
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی ئەوروپا، پێویستە هەر 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتییەکە ژمارەیەک کۆچبەر وەربگرێت، ئەگەرنا پارە بداتە ئەو وڵاتانەی کە کۆچبەران وەردەگرن.
یوڵڤا ئۆهانسن، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ دەڵێت، "هیچ وڵاتێک بە تەنیا ناتوانێت ئیدارەی قەیرانی کۆچبەران بکات و رێککەوتنەکەی چەند هەفتەیەک لەمەوپێشی ئەنجوومەنی ئەوروپاش هەنگاوێکی گرنگ بوو. دڵنیام لەوەی ئێمە دەتوانین پرسی کۆچبەران و پەناخوازان هەتا کۆتایی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئەوروپا بگەیەنە رێککەوتنێکی هاوبەش و یاساییەکی پتەومان هەبێت تاوەکو بتوانین بەباشی ئیدارەی کۆچبەران بکەین".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، کە زۆربەی قوربانییەکانیش خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بوون.