ساڵێکە سوێد داوای ئەندامبوون لە ناتۆ دەکات و تورکیا رەتیدەکاتەوە؛ دەیەوێت ئەمریکا گوشار بکات
رووداو دیجیتاڵ
سوێد زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی هەڕەشەکانی رووسیاوە، داوا دەکات ببێتە ئەندامی رێکخراوی ناتۆ، بەڵام تورکیا رێگرە. ئێستا سوێد چاوی لە دەستی ئەمریکایە تاوەکو گوشار بخاتە سەر تورکیا داواکەی پەسند بکات.
ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێت، "ستایشی پشتگیرییە بەهێزەکەتان (پشتگیریی ئەمریکا) دەکەین بۆ ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، ئەمەش واتایەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە. ئێمە هەوڵی پاراستنێکی هاوبەش دەدەین و پێمانوایە هەندێک خەسڵەتمان هەیە کە دەتوانێت وابکات رۆڵمان هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش بۆ هەموو ناتۆ."
لە 11 و 12ی ئەم مانگەدا لە لیتوانیا لووتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت و پێش ئەو لووتکەیەش، شاندی باڵای تورکیا و سوێد کۆدەبنەوە تاوەکو رەزامەندیی ئەنقەرە بۆ بەئەندامبوونی سوێد وەربگرن، بڕیارێک کە ئەمریکا بە تەواوەتی پشتگیریی دەکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "خۆمان ئامادە کردووە بۆ لووتکەی هەفتەی داهاتووی ناتۆ و دەمەوێت دووپاتیشی بکەمەوە کە ئێمە بە تەواوەتی پشتگیری لە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ دەکەین. خاڵە بنەڕەتییەکەش خاڵێکی سادەیە کە ئەوەیە سوێد هاوپەیمانیی ناتۆ بەهێزتر دەکات. هەمان ئەو بیانووەشی هەیە کە لە ناتۆ هەمانە و بەڕاستی بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی ئەندامێتیتان دەکەم."
تورکیا بەربەستی سەرەکییە لە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ. ئەنقەرە، سوێدی تۆمەتبار کردووە بەوەی پشتگیریی پەکەکە دەکات، ئەو تۆمەتەی ستۆکهۆڵم رەتیدەکاتەوە، بەڵام هەفتەی رابردوو رووداوی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە ئەوەندەی دیکە هەڵوێستی تورکیای تووندتر کرد.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "ئەگەر سوێد لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت و ئەرکەکانی بەجێبگەیێنێت، هەمیشە ئەڵتەرنەتیڤ هەیە، هەروەکو چۆن بۆ فینلاندیش هەبوو."
بەگوێرەی پەیڕەوی هاوپەیمانێتیی ناتۆ، پێویستە سەرجەم 31 وڵاتی ئەندام لەو رێکخراوە داواکاریی ئەندامێتیی نوێ پەسند بکەن، تائێستاش تەنیا تورکیا و هەنگاریا داواکەی سوێدیان پەسند نەکردووە.