پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران داوای دەستلەکارکێشانەوە لە بۆریس جۆنسن دەکەن

06-07-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
لانیکەم 27 وەزیر و بەرپرسی کابینەکەی بۆریس جۆنسن دەستیان لە کارکێشاوەتەوە. وێنە: AFP
لانیکەم 27 وەزیر و بەرپرسی کابینەکەی بۆریس جۆنسن دەستیان لە کارکێشاوەتەوە. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئاشکرا بوو بۆریس جۆنسن پۆستێکی باڵای بە پەرلەمانتارێک داوە، لە کاتێکدا زانیویەتی پەرلەمانتارەکە تۆمەتبارە بە گێچەڵی سێکسی، وەزیران و پەرلەمانتارانی سەر بە پارتی پارێزگاران داوایان لە بۆریس جۆنسن کرد دەستلەکاربکێشێتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا لانیکەم 27 وەزیر و بەرپرسی کابینەکەی دەستیان لە کارکێشاوەتەوە. دەستلەکارکێشانەوەکان لە وەزیرانی تەندروستی و داراییەوە دەستیانپێکرد.
 
ساجید جاڤید، وەزیری پێشووی تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت، "من پێموایە، ئەگەر تیمێک باش بێت سەرکردەکەشی باش دەبێت، ئەگەر سەرۆک تیمێکیش باش بێت، تیمەکەشی باش دەبێت. واتە دڵسۆزی پەیوەندیی بە هەردوو لاوە هەیە. رووداوەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی، وایانکردووە زۆر زەحمەت بێت لە نێو ئەو تیمەدا بمێنمەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە. پارتی کاری ئۆپۆزیسیۆنیش داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد. 
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پەشیمانە لە پێدانی پۆست بە پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکە. بەڵام رەتیکردەوە دەستلەکاربکێشێتەوە یان هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت. 
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، "بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان، کاری سەرۆکوەزیران لە بارودۆخە زەحمەتەکاندا، کاتێک کە ئەرکێکی گەورەی پێدراوە، ئەوەیە کە پێویستە بەردەوامبێت. ئەوەش ئەو شتەیە کە من دەیکەم."
 
دوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرانی تەندروستی و دارایی، بۆریس جۆنسن بڕیاریدا کە نەدیم زەهاوی، وەزیری پێشووی پەروەردە کە بە رەچەڵەک کوردە، بکرێتە وەزیری دارایی. زەهاوی پێشتریش یاریدەدەری وەزیری تەندروستیی بەریتانیا بوو بۆ دابەشکردنی ڤاکسین.
 
نەدیم زەهاوی، وەزیری دارایی بەریتانیا دەڵێت، "ئەو کارە بۆ ئەوە وەرناگری تاوەکو ژیانێکی ئاسانت هەبێت. بەڵکو پێویستە هەموو رۆژێک بڕیاری سەخت بدەیت. هەندێکجار ئاسانە بڕۆی و وازبێنی، بەڵام خزمەتکردن بە وڵات زۆر زەحمەتە."
 
ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی پارتی پارێزگاران دەڵێن، رۆژەکانی بۆریس جۆنسن وەکو سەرۆکوەزیران، بەرەو تەواو بوون دەڕۆن و بەهۆی "ئابڕووچوونەکانی" ناگاتە مانگی ئاب، کابینەکەی هەڵدەوەرێت و ئەویش دەستلەکاردەکێشێتەوە. 
 
راپرسیێکی نوێش پێشانیدەدات کە 72٪ی دەنگدەرانی پارتی پارێزگاران پێیانوایە دەبێت جۆنسن دەستلەکاربکێشێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە