لە بەرازیل نرخی مانگایەک زیاترە لە چوار ملیۆن دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
'ڤیتینیا 19' ناوی ئەو مانگایەیە کە لە بەرازیل نرخەکەی بە چوار ملیۆن و 200 هەزار دۆلار دیاریکراوە، پێشانگەی ساڵانەی ئیسکپۆ زیبۆی لە شاری ئوبێرابا نمایشکراوە. وەکو گرانبەهاترین مانگاش ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکراوە.
مانگاکە لە جۆری زێبووە و بەوە جیادەکرێتەوە کە کۆپارەی پشتی هەیە، رەنگی سپییە و یەکێکە لەو مانگایانەی سەرنجی جیهانی راکێشاوە.
گابرێل گارسیا سید، سەرۆکی کۆمەڵەی زیبۆی بەرازیلی بۆ بەخێوکەرانی مانگا دەڵێت: "ئێمە هۆکارێکمان هەیە بۆ ئەوەی شانازیی بە پیشەسازیی ئاژەڵداریمانەوە بکەین. ساڵی رابردوو بەرازیل زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گۆشتی مانگای هەناردەکرد، ریکۆردێکی مێژووییە. ئێستا ئێمە گەورەترین هەناردەکاری گۆشتی مانگاین لە جیهاندا."
ئێستا ڤیتینیا 19 وەک گرانبەهاترین مانگا لە جیهان لە کتێبی گینس تۆمارکراوە. مانگای جۆری زێبوو بەهۆی ئەوەی زۆر بە چڕی و وردی چاودێری دەکرێن و بەخێو دەکرێن، نرخیان گرانە. ڤێتێرنەری تایبەت بەخۆی هەیە، بە کامێرا چاودێری دەکرێت، لە کێڵگەیەکی هەرێمی میناس گێرایس لە بەرازیل دەژی و ئاوسیشە.
ڤیتینیا کێشی هەزار و 100 کیلۆگرامە و دوو هێندەی مانگای تەمەنی خۆی گۆشتی هەیە.
نێی پێرێرا، یەکێکە لە خاوەنەکانی ڤیتینیا و ٪33ـی کڕیوە و گوتی: "ناکرێت ئەو تەنیا لە بەرازیل سنووردار بکرێت. ئەگەر بمانەوێت ئەو باشترینی جیهان بێت، نەک تەنیا لە رووی نرخەوە، دەبێت ئەو لە هەموو جیهاندا بڵاوبکەینەوە. باشترین رێگەی بازرگانیش بۆ ئەوە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی بۆماوەکەی و ناردنی بۆ وڵاتانی دیکە."
لە بەرازیل 235 ملیۆن مانگا هەن، ئەمەش لە ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆرترە. ساڵی رابردوو بەرازیل 2.5 ملیۆن تۆن گۆشتی مانگای هەناردە کرد و لەدوای ئەمریکا، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گۆشتی مانگایە لە جیهاندا.