ئەمڕۆ 6ـی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەستیپێکرد و تاوەکو 9ی مانگ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لە 27 وڵات بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 300 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام دەگوترێت بانگەشەکانی هەڵبژاردن گەرموگوڕ نین.
زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆڵنی ئەڵمانیا، کە بەشداریی بەرنامەی دیاسپۆرای کرد، گوتی، دەنگدەران لە هەر وڵاتێک جیاواز لە وڵاتەکانی دیکە بەشداری بانگەشەکانی هەڵبژاردن دەکەن: ''لە ئەڵمانیا هێشتا گەرموگوڕیی بانگەشەکان هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا و هەرێمەکان نییە.''
زنار شینۆ هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپادا، ئەڵمانیا یەک بازنەی هەڵبژاردنە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی و هەرێمەکان بازنەی جیاجیا هەن و نزیکەی 299 بازنەیە و رکابەری زیاترە.
زنار شینۆ ئەوەشی خستەڕوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، تەنیا دەنگ بە (لیستی) حیزبەکان دەدرێت و دەنگ بە بەربژێران نادرێت، ''بەپێی ریزبەندیی لیستەکە، هەر یەکە لە پارتەکان چەند دەنگ بهێننەوە، ئەوەندەش پەرلەمانتارەکانیان لە بروکسێل کورسی بەدەستدەهێنن.''
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا 720 کورسی هەیە، پشکی ئەڵمانیا 96 کورسییە. بەگوتەی زنار شینۆ، تەنیا شەش وڵات رۆژەکانی شەش، حەوت و هەشتی مانگ هەڵبژاردنیان تێدا بەڕێوەدەچێت و 21 وڵاتەکەی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی یەکشەممە واتا 9ـی مانگ هەڵبژاردن دەکەن.
ئەمڕۆ تیمی تۆڕی میدیایی رووداو لە هوڵەندا رووماڵی هەڵبژاردنەکە دەکات. ئیستۆنیا و هوڵەندا یەکەم وڵاتن کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایان تێدا دەکرێت.
لە سوێد و ئەڵمانیا سێ بەربژێری کورد هەن کە هەر سێ خانمن. ئەڤین ئینجیر و دیانە غەفوور لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان لە سوێد و ئۆزلەم دەمیر لەسەر لیستی چەپەکان لە ئەڵمانیا.
چەپەکان لە ئەڵمانیا تەنیا پارتن کە بەربژێری کوردیان هەیە. شوان وەیسی، سیاسەتڤانی چەپ لە ئەڵمانیا و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکان لە ئەنجوومەنی شارەوانیی ئێسن میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، ئۆزلەم دەمیرەل، نزیکەی حەوت ساڵە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا پەرلەمانتارە.
شوان وەیسی گوتیشی: ''ئۆزلەم لە چەند ساڵی رابردوودا نەک تەنیا لەسەر پرسی کورد، بەڵکو لەسەر پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دژی شەڕ و بەرامبەر ئەو دژایەتییانەی لەسەر کوردستان کراوە، زۆر کەسێکی چالاک بووە.''
ئەو سیاسەتڤانە چەپە ئاماژەی بەوەشکرد: ''هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە ئەڵمانیا، جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و پەرلەمانی فیدراڵ، تەنیا دەکرێ دەنگ بە لیستی حیزبەکان بدرێت نەک بەربژێران.''
فەرهەنگ شێخ محەممەد، ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتی سوێد لە بەرنامەی دیاسپۆرادا گوتی: ''جیاواز لە وڵاتانی دیکە لە سوێد، دەنگدەران سەرپشکن دەنگ بە لیستەکان بدەن یان لە نێو لیستەکەدا دەنگ بەبەربژێرێکی تایبەتیش بدەن.''
بەگوتەی فەرهەنگ شێخ محەممەد، هەر بەربژێرێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ریزبەندییەکەی لە لیستی حیزبەکەیدا، ئەگەر 5٪ـی دەنگی کۆی لیستەکە بەدەستبهێنێت، ئەوە بە دەنگی خۆی دەتوانێت ببێتە ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا کە ئەمەش بە ''زۆر ئەستەم'' دەزانێت.
شوان وەیسی پێیوایە هۆکاری گەرموگوڕنەبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە بۆ ''ئەو قەیرانە کەسییەی کە لە کاتی کۆرۆنادا تووشی بووین، کۆمەڵگە نەیتوانی دوای کۆرۆنا دووبارە بێتەوە دەرەوە و خۆی بە دوور دەگرێت لە قەرەباڵخی؛ هەروەها بوونی قەیرانی دیکە وەکو شەڕی ئۆکراینا، شەڕی ئیسرائیل و حەماسیش هۆکارن.''
ئەو سیاسەتڤانە چەپە گوتیشی: ''بەپێی راپرسییەکان، زیاتر لە 40٪ـی خەڵکی ئەڵمانیا پێیان خۆش نییە بەشداری هەڵبژاردنەکان بن و هەست دەکەن بە چوونە سەر سندووقەکان ناتوانن ئاڵتەرناتیڤێک بگۆڕن [پێکبهێنن].''
ئاستی بەشداربوونی هەڵبژاردنی پێشوو بە ئەستەم 50٪ـی تێپەڕاندووە
سوێد لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا 21 کورسی هەیە، فەرهەنگ شێخ محەممەد دەڵێت، لەم هەڵبژاردنەدا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی کورسییەکانی ئەو وڵاتە بۆ 22 کورسی بەرزببێتەوە.
ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەتایبەتی لە سوێد دەژین، ئەو ئەندامەی سوسیال دیموکراتەکان گوتی: ''وەکو کورد خەڵکێکی زۆرمان هەیە کە بە گرنگی نازانێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا بەشدار بێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هاوشێوەی هاووڵاتییە سوێدییەکان پێیانوایە، یەکێتیی ئەورووپا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی تاکی سوێد نابێت، لەکاتێکدا پێچەوانەکەیەتی.''
فەرهەنگ شێخ محەممەد گوتیشی: ''هاوشیوەی وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا، لە سوێدیش ئاستی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019ـی ئەو پەرلەمانە، بە ئەستەم 50٪ـی تێپەڕاند. ئەمە لەکاتێکدا بوو، بەشداری لە دوایین هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و شارەوانیی هەرێمەکان، 88٪ بووە.''
ئەو ئەندامەی سوسیال دیموکراتەکانی سوێد بە گرنگی دەزانێت، دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بن و دەڵێت: ''بەپێی یاسای هەرێم و شارەوانییەکانی سوێد، نزیکەی 50٪ـی بنەمای هەموو بڕیارێک کە لە شارەوانی و هەرێمەکان دەردەچن، لە ژێر رێنمایی و بەرچاوڕوونیی راسپاردە و بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورووپان.''
''چەپەکان لە ئەڵمانیا دۆخیان باش نییە''
بەپێی راپرسییەکانی هەڵبژاردن، چەپەکانی ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا دۆخیان باش نابێت و راستگرەکان لە پێشەوە دەبن. شوان وەیسی باسی لەوە کرد، ''نەک تەنیا لە ئەڵمانیا، بەڵکو لە هەموو یەکێتیی ئەورووپا و جیهان، چەپەکان تووشی کێشە بوونە؛ چونکە بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بابەتەکان هەیە و یەکدەنگ نین.''
بەگوتەی ئەو سیاسەتڤانە چەپە، ''راستەکان لەسەر پرسە گرنگەکانی وەکو شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، شەڕی ئیسرائیل و حەماس، یان پرسی کۆچبەران و کەشوهەوا، وەڵامی سادە و ساکارییان پێیە و پۆپۆلیستییانە کار دەکەن، ئەمەش بۆ خەڵکێک کە بەشداریی هەڵبژاردن دەکات باشترە و ئاسانتر لێی تێدەگەن''.
پێشتر بەشێک لە کۆمەڵگەی ناڕازیی ئەڵمانیا، دەنگیان بە چەپەکان دەدا بۆ ئەوەی کە دژ بە حکومەت بوەستنەوە و دەنگی خۆیان دەربخەن، بەڵام ئێستا لە چەند ساڵی رابردوودا، زیاتر راستەکان بوونە نوێنەری خەڵکی ناڕازی. شوان وەیسی هۆکارەکەی بۆ ''هەڵە''ـی سەرکردە چەپەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: ''کاتێک ئەو کەسانەی لە حکومەت ناڕازی بوون و دەنگیان بە چەپەکان دا، بینیان کە ئەم گۆڕانکارییانەی پێویست بوو لە نێو حکومەتدا پێکبهێنرێن و چەپەکان قسەیان لەسەر دەکرد، نەهاتوونەتە ئاراوە.''
ئێستا لە پەرلەمانی ئەورووپا حەوت فراکسیۆن هەن، فراکسیۆنی چەپەکان، فراکسیۆنی سەوزەکان، فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان، لیبڕالەکان، دیموکرات مەسیحییەکان و دوو فراکسیۆنی راستگر، کە بە هەردوو فراکسیۆنەکان 135 کورسییان هەیە. ئەو سیاسەتڤانە چەپە پێیوایە ژمارەی کورسیی ''راستگرە تووندەکان'' لە پەرلەمان زیاد دەکات.
پێویستە دانیشتووانی کوردی ئەورووپاش بەشداری هەڵبژاردن بن
بەگشتی لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەری کورد دەژین کە مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنە هەرێمی و فیدراڵی و هەروەها پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا هەیە.
فەرهەنگ شێخ محەممەد روو لەو پەنابەرانە دەکات و دەڵێت: ''ئەگەر لە خەمی داهاتوویەکی ئەمن، ئاسایش و دیموکراسیدان، کە دۆزی کوردیش بە شێوەیەکی دیموکراسی و مەدەنییانە لەبەرچاو بگیرێت و پشتیوانی زیاتری بکرێت، ئەوە دەنگدان [بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا] دوو جار گرنگی هەیە و بەشدار بن تێیدا.''