رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، نیگەرانن لەوەی 'ژمارەیەک بەرپرسی حەشدی شەعبی بەگوێرەی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کار ناکەن.'
ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمشەو (پێنجشەممە، 6-6-2024) لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و ئەو فەرماندانەی حەشدی شەعبی قسەی کرد، کە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (محەممەد شیاع سوودانی) کارناکەن و کاری تووندوتیژی و ناسەقامگیرکەر لە عێراق و سووریا دەکەن.
میللەر گوتی ئەو فەرماندانە هێرش دەکەنە سەر سەربازانی سوپای ئەمریکا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کارمەندانی ئەمنیی عێراق و دامەزراوە بازرگانییەکان؛ ئەمە زیان بە ئاسایش و ئابووریی عێراق دەگەیێنێت.
ئەوەشی راگەیاند، ئەمریکا بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "ئەو کەسانە کۆنترۆڵ بکەن و رووبەڕووی بەرپرسیاریێتییان بکەنەوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاسای عێراق."
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە و وەڵامەکانی ماتیۆ میللەر:
رووداو: زۆر سوپاس مات، دەگەڕێمەوە سەر مەترسیی فراوانبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمڕۆ گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن دوو هێرشیان بۆ سەر بەندەری حەفا لە ئیسرائیل کردووە، پێموایە ئەمە یەکەمجارە کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە هاوبەشی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، ئێوە ئەم پێشهاتانە چۆن دەبینن، بەتایبەتی هاوئاهەنگی نێوان گرووپە ملیشیاکان کە ئێران لە عێراق و حووسییەکان پشتیوانیان دەکات؟
ماتیۆ میللەر: ئەوەمان بە روونی گوتووە؛ دژایەتیی هەر هێرشێکی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەین کە ئێران پاڵپشتییان دەکات بۆ سەر ئیسرائیل؛ ئامادەین هاوکاریی ئیسرائیل بکەین بۆ ئەوەی دژی ئەو هێرشانە بەرگری لە خۆی بکات. هەر هاوئاهەنگییەک لەنێوانیان نیگەرانییەکی گەورەیە و هەوڵی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دەدەین.
رووداو: رەنگە ئەم هێرشانە ببنە هۆکاری هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئیسرائیل، کەمێک بەر لە ئێستاش گوتت کاتێک گرووپە چەکدارەکان هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی ئەمریکا، کارتان لەسەر ئەوە کردووە مەترسی ئەو هێرشانە کەمبکەنەوە، لەسەر ئەم پرسە قسەتان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە تاوەکو ئەو گرووپانە جڵەوبکات و لە دووری سەتان میل هێرش نەکەنە سەر ئێسرائیل؟
ماتیۆ میللەر: نامەوێ بچمە نێو وردەکاریی گفتوگۆکانەوە سەبارەت بەو هێرشانە، پلانی ئێمە گوشار خستنەسەر عێراق بووە بۆ ئەوەی رێگری لەو هێرشانە بکات، کە لە خاکی ئەوەوە دەکرێن، جا بۆ سەر ئیسرائیل بێت یان بەرژەوەندیی و هێزەکانی ئەمریکا.
رووداو: دواین پرسیاریشم، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی پەسند کرد، کە زیاتر لە چوار تریلیۆن و 556 ملیار دینارە، نزیکەی 3.5 ملیار دۆلاریان بۆ حەشدی شەعبی، گرووپە پشتیوانلێکراوەکانی ئێران لەنێویاندا ئەو گرووپانەش دابینکردووە، کە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانتان لە عێراق بەشدار بوون، هیچ نیگەرانییەکتان سەبارەت بە داهاتووی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە نییە کاتێک ئەو گرووپانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پارەدار دەکرێن؟
ماتیۆ میللەر: نیگەرانین کە ژمارەیەک بەرپرسی حەشدی شەعبی بە گوێرەی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کارناکەن؛ کاری تووندوتیژی و ناسەقامگیرکەر لە عێراق و سووریا دەکەن. هێرش دەکەنە سەر سەربازانی سوپای ئەمریکا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کارمەندانی ئەمنیی عێراق و دامەزراوە بازرگانییەکان؛ ئەمە زیان بە ئاسایش و ئابووریی عێراق دەگەیێنێت. بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەو کەسانە کۆنترۆڵ بکەن و رووبەرووی بەرپرسیاریێتییان بکەنەوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاسای عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ