بەلەمێکی کۆچبەران بە 18 سەرنشینی رۆژئاوای کوردستانەوە ژێرئاوکەوت


رووداو دیجیتاڵ

بەلەمێکی کۆچبەران لەنێوان ئیسپانیا و جەزائیر بە 26 سەرنشینەوە ژێرئاوکەوت کە 18 کەسیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و  چوار ژن و چوار منداڵیان تێدابوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەلەمەکە لە ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو لە کەناراوەکانی شاری ئەرهاتی ولایەتی تیبازەی جەزائیرەوە بەرەو ئیسپانیا بەڕێکەوتووە و دوای بڕینی 30 کیلۆمەتر، ژێرئاو کەوتووە.
 
ئەزدەشێر عەبدولڕەحمان کوردی، کە خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێش مانگێک لە رێگە دەریاییەکانی جەزائیرەوە پەڕیوەتەوە و ئێستا لە نەرویج دەژی. ئەزدەشێر گوتی، "بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستیکەوتوون، 18 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە کە چوار ژن و چوار منداڵیان تێدان."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 26 کەس لەسەر بەلەمەکە بوون، 18کەسیان خەڵکی رۆئاوای کوردستانن، کە لە سێ خێزان و دوو گەنج پێکهاتبوون کە زۆربەیان خەڵکی کۆبانێ-ن. یەکێک لە خێزانەکان خەڵکی عەفرینن و هەموو ئەندامەکانی گیانیان لەدەستداوە.
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی جەزائیر هیچ زانیارییەکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، دوو گەنج کە یەکێکیان کوردە بەناوی مەحموود رەشۆ و ئەوی دیکەیان جەزائیرییە، خۆیان رزگارکردووە.
 
تەرمی قوربانییەکان بۆ نەخۆشخانەی سیدی گڵاسی شاری جەزائیر گواستراونەتەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی سێی ئاداری 2023، بەلەمێکی کۆچبەران لە سنووری کەنارەکانی لیبیا ژێرئاوکەوت و 15 کەس کە زۆربەیان کوردی رۆژئاوای کوردستان بوون خنکان.