ئەپڵ لەڕێگەی ڤیژن پڕۆ بەکارهێنەرانی دەباتە جیهانێکی تێکەڵ لە خەیاڵ و راستەقینە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای ئەپڵ، یەکەم کڵاوی ڤێرچواڵ ریاڵیتی خۆی خستەڕوو، کە بەکارهێنەران لە جیهانی راستەقینەوە بە جیهانی خەیاڵی (ڤێرچواڵ) دەبەستێتەوە، هۆگرانی تەکنۆلۆژیا دەمێکە چاوەڕوانی ئەو بەرهەمەی کۆمپانیای ئەپڵن، کە لە چاویلکەیەک دەچێت و ناوی لێناوە (ڤیژن پڕۆ).
 
پێشتر کۆمپانیای مێتای خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کڵاوی ڤێرچواڵی دروستکرد، بەڵام تائێستا جگە لە هۆگرانی تەکنەلۆجیا، نەیتوانیوە بازاڕێکی گەورەی بۆ دەستەبەر بکات.
 
کۆمپانیای ئەپڵ ئەمڕۆ (سێشەممە، 6-6-2023) چەند بەرهەمێکی نوێی لە ئیڤێنتێکدا راگەیاند، کە ماک بووکی 15 ئینجی، ماک ستۆدیۆی نوێ و ماک پڕۆی نوێ بەشێکن لەو بەرهەمانە و سیستەمی iOS و OSXـی نوێشی خستەڕوو، کە پاییزی ئەمساڵ بۆ هەموو بەکارهێنەران بەردەست دەبن. 
 

لایەنی هەرە سەرنجڕاکێشی ئەو ئیڤێنتە، پێشاندانی یەکەم هێدسێتی ڤێرچواڵ ریاڵیتیی ئەپڵ بوو کە چەند ساڵ بوو چاوەڕوانییەکی زۆری لەسەربوو و ئەمڕۆ بە ناوی ئەپڵ پڕۆ ڤیژن Apple Pro Vision پێشاندرا.
 
ئەو بەرهەمەی ئەپڵ، سەرەتای ساڵی داهاتوو بەردەست دەبێت و چاوەڕواندەکرێت جیهانی کۆمپیوتەری کەسیی PC و راستی وێناکراو "ڤێرچواڵ ریاڵیتی" بگۆڕێت. 
 
ئەپڵ پڕۆ ڤیژن لە رێگەی هێدسێتێکەوە کە وەک چاویلکە لەچاو دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی بەرچاوی خۆت ناگرێت و دەتوانی هەموو شتی دەوروپشتی خۆت ببینی، جیهانێکی ڤێرچواڵت بۆ دروستدەکات کە تێکەڵاوێکە لە VR و immersive environment و AR. هەروەها سیستمی دەنگی بە شێوازێکە کە دەتوانی دەوروپشتی خۆت بەهەر شێوازێکی دڵخوازت دیزایین بکەی لە رووی دیمەن و دەنگەوە. 
 
بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەو بەرهەمەدا زۆر بەرچاوە، بە شێوازێک بۆ نموونە لە شێوەی دەم و چاوی خاوەنەکەی دەتوانێت دیمەنی ڤیدیۆیی کەسەکە دروست بکاتەوە و لە کاتی پەیوەندیکردندا، دیمەنەکەی نیشانبدات. 

 

نرخی ڤیژن پڕۆ بە 3 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە، کە دوو چیپی زۆر بەهێز لە پشت هێزی ئەو بەرهەمەن.
 
بەپێی گوتەی شرۆڤەکاران، ئەپڵ ڤیژن پڕۆ دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی پشکی ئەپڵ لە بازاڕی یارییە کۆمپیوتەرییەکاندا بەرفراوان بێت.
 
ئامێری ڤیژن پڕۆ بە 12 کامێرا و 6 مایکرۆفۆن و چەندین هەستەوەر بەستراوەتەوە، کە یارمەتی دەدات بەکاربەران تەنیا لە رێگەی چاو و دەستیانەوە ئەپڵیکەیشنە جیاوازەکان کۆنترۆڵ بکەن.
 
تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ گوتی "وەک چۆن ماک رێگەی بۆ کردینەوە بۆ بەکارهێنانی تاکەکەسی کۆمپیوتەر و ئایفۆنیش دەروازەیەکی نوێی بۆ جیهانی تەکنۆلۆژیا کردەوە، ڤیژن پڕۆش رێگەی بۆ جیهانی ڤێرچواڵ کردەوە. ئەمەش یەکەم هەنگاوە لە گەشتێکی دوورودرێژدا بۆ جیهانی تەکنۆلۆژیای تاکەکەسی... هەندێ ئامێری تایبەت هەن کە روانینی ئێمە بۆ جیهانی تەکنۆلۆژیا دەگۆڕن؛ ئامێری ڤیژن پڕۆ و ئامێری (ڤیژن ئۆ ئێس) بە بڕوای ئێمە پلاتفۆڕمێکی نوێیە لە جیهانی کۆمپیوتەری و جیهانی تەکنۆلۆژیادا، پلاتفۆڕمێکی نوێ کە هەلی گەورە و و توانای بێوێنە دەخاتە بەردەستی بەکاربەران.