ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدی سکاڵا لەسەر دوو وەزارەتی حکومەتی ئەڵمانیا تۆماردەکات

06-06-2019
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئەڵمانیا: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 22 چەکداری ئەڵمانیی داعش هەیە
گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئەڵمانیا: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 22 چەکداری ئەڵمانیی داعش هەیە
نیشانەکردن ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدی داعش ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو - ئەڵمانیا 

ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدی سکاڵا لەسەر دوو وەزارەتی ئەڵمانیای فیدراڵ تۆماردەکات. پارێزەری ئەو گرووپەی خانمان کە بەناوی ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدییە، هۆکاری سکاڵاکە لەدژی هەردوو وەزارەتی داد و ناوخۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێ ئەڵمانیا کەمتەرخەم بووە و خۆی دزیوەتەوە لە ئەرکی گەڕاندنەوە و دادگاییکردنی داعشە ئەڵمانییەکان.

بێرتۆلد فره‌زێنیۆز، پارێزه‌ری ئه‌نجوومه‌نی ژنانی ئێزدی دەڵێ "ئەو (داعشە ئەڵمانییانە) لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا ناسراون، ئەو کەسانە دیارن و هەواڵگریی ئەڵمانیا لەوێیە، دەزگا ناوخۆییەکانی ئەو ناوچەیە داوایان لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە بەشداری لە دادگای نێودەوڵەتی بکات، یان ئەو تۆمەتبارانە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەربکرێت".

هەردوو وەزارەتە ئەڵمانییەکە کە سکاڵایان لەدژی کراوە رەتیدەکەنەوە گلەیینامەیان پێگەیشتبێت، بەڵام ئێستا فەرمانی دەستگیرکردنی چەند داعشێکی ئەڵمانییان لەلا هەیە، کە لە سووریا دەستگیرکراون.

شتێفان تسیمه‌رمان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌ڵمانیا دەڵێ "تاوانەکانی داعش بەبەردەوامی لەلایەن دەزگاکانی ئەڵمانیا بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. هەر چەکدارێکی داعش بگەڕێتەوە ئەڵمانیا، دەبێت حیسابی ئەوە بکات کە سزادەدرێت. داواکاری گشتی و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگیی بەهێزیان لەنێواندا هەیە، ئێستا چەند لێکۆڵینەوەیەکی جیاواز دەکرێن، لەلای ئێمە 22 فەرمانی دەستگیرکردن هەن (بۆ ئەو چەکدارە داعشە ئەڵمانییانەی) لە سووریا دەستگیرکراون".

د. عیرفان، سەرۆکی گەورەترین رێکخراوی ئێزدییان لە ئەڵمانیا کە لە 28 ماڵ و کۆمەڵە پێکهاتووە دەڵێ ئێمە لەدژی دادگاییکردنی داعشە ئەڵمانەکان نین، بەڵکو لەدژی شێوازەکەین، ئەگەرنا ئەڵمانیا دۆست و هاوکاری ئێمەیە.

گەل  و حکومەتی ئەڵمانیا و هەرێمەکانی ئەڵمانیا بە دەیان پرۆژەی هاوکاری کوردانی ئێزدییان هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەنگی ناڕازی لە دژی ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدی بەرزببێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە