نەتەوەیەکگرتووەکان داوای بەدواداچوون بۆ "تاوانەکان"ی بۆکۆحەرام دەکات

رووداو - میهر
 
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە دەوڵەتی نێجیریا دەکات، سەبارەت بە تاوانەکانی گرووپی بۆکۆحەرام وەکو کوشتن و دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافی منداڵان، لێکۆڵینەوە بکات.

زەید بن رەعد ئەلحسەین، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە نایجیریا، هەروەها داواشی کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو راپۆرتانە بکرێت، کە سەبارەت بە توندوتیژی هێزە چەکدارەکانی نایجیریا بڵاوبوونەتەوە و تاوانبارەکان دادگایی بکرێن.

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە نایجیریا بە پشتبەستن بە قسەی شایەدحاڵان گوتی "دانیشتووانی باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا، رووبەڕووی کردەوەی دڕندانەی بۆکۆحەرام بوونەتەوە". ئەو گوتیشی "ئەم کردەوەیە کوشتنی دڕندانە، لەسێدارەدان پاش دادگاییکرانی ساختە، ناچارکردن بۆ بەشداری لە هەڵمەتی سەربازی، بەکارهێنانی منداڵان بۆ کردەوەی خۆکوژی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، توندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژی لەخۆ دەگرێت".

 لەم دواییەدا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، باسی لەوە کردووە، کە لە ساڵانی رابردوو و لە رەوتی خەبات دژی بۆکۆحەرامدا، زیاتر لە ٨ هەزار کەس لە گرتووخانەکانی هێزە چەکدارەکانی نایجیریادا کوژراون.

بەپێی راپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، هێزە چەکدارەکانی نایجیریا تا ئێستا هەزاران پیاو و کوڕ، بۆ نمونە ژمارەیەک کوڕی ٩ ساڵانیان، لە بنکەکانی بۆکۆحەرامدا بەند کردووە و لەبەرئەوەی بنەماڵەکانیان نەیانتوانیوە باجیان پێبدەن، هەموویان کوشتوون.

بۆکۆحەرام گرووپێکی چەکداری توندیاژۆیە، کە لە ٢٠٠٢وەوە، چالاکیی خۆی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێک لەسەر شەریعەتی ئیسلامی دەست پێکردووە و جگە لە نایجیریا، لە وڵاتانی چاد و باکووری کامیرۆنیش چالاکە. ئەم گرووپە پێشتر سەر بە رێکخراوی  قاعیدە بوو، بەڵام لە ئاداری ٢٠١٥دا، بەیعەتی بە ئەبوبەکر بەغدادی، " خەلیفەی" رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دا و ناوی خۆی گۆڕی بۆ ویلایەتی رۆژئاوای ئەفریقای دەوڵەتی ئیسلامی.