رووداو دیجیتاڵ
کۆنوسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق رووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بە "کارەساتبار" ناودەبەن و هاوخەمیی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووان دەردەبڕن.
رۆژی دووشەممە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لە پەیامێکدا ستایشی تیمە فریاگوزاریی و تەندروستییەکانی هەولێر کرد بەوەی رێگەیان نەداوە زیانەکان گەورەتر بن.
لەو پەیامەدا کۆنسوڵخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە: "هاوخەمیی خۆمان ئاڕاستەی هەموو ئەوانە دەکەین کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە کارەساتبارەکەی بازاڕی قەیسەریی نزیکی قەڵای مێژوویی هەولێر زیانیان بەرکەوتوو و بووە هۆی سووتانی دووکانەکانی بازاڕەکە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا و ئاسان بۆ هەموو بەرکەوتووانی رووداوەکە دەخوازین."
لەدرێژەی پەیامەکەیدا، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەستخۆشی لە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و تیمەکانی تەندروستیی هەولێر کردووە "بۆ هەوڵە باڵاکانیان کە بوونە هۆی کەمکردنەوەی زیانەکان."
لەلایەکی دیکەوە، کاتی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق لە ئێکسێکدا هاوخەمی وڵاتەکەی بۆ سووتانی بازاڕی قەیسەری دەربڕی و راگەیاند: "زۆر خەمباربووم بە هەواڵی رووداوی ئاگرکەوتنەوە کارەساتبارەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی قەیسەری هەولێر. سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هەموو ئەوانە دەکەین کە بەهۆی ئەم رووداوە زەرەرمەند بوون. دەستخۆشی بۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ وەڵامدانەوەی خێرایان بۆ رووداوەکە."
شەوی دووشەممە، 5ی ئایاری 2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، بووە سێیەم ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر بکەوێتەوە لەماوەی تەنیا دوو مانگ و هەشت رۆژی رابردوودا.
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئامارێکی زەرەر و زیانەکانی ئاگرەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە کۆی زیاتر لە 4000 دووکان 227 دووکان و 7 کۆگەی بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە."
سەبارەت بە زیانەکانیش پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە: "بەداخەوە بەهۆى قەرەباڵخیێکى زۆرى هاووڵاتییان لە شوێنى رووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە 117 كەسيان چارەسەرکران، 15 كەسى دیکەشیان کە پێویست بوون، گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ