چین پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان عێراق و ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران رایدەگەیێنێت، ئەوان پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان عێراق و ئێران‌دا دەکەن.
پەیامنێری رووداو لە چین لە لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی پرسی، باشکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لە رێگەی سەردانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران چۆن دەبینن؟
لین جیان گوتی، "عێراق و ئێران دوو وڵاتی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن. چین پێشوازی لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات لەوانەش عێراق و ئێران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە، بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە بە هاوبەشی."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک لە رۆژی 5ـی ئەم مانگە گەیشتە تاران و ئەمڕۆ دووشەممە دەستی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کرد. کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامییان دەبێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەبارەی بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، "هه‌ردوولا جه‌ختيان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و په‌يوه‌نديى ئابوورى كرده‌وه، هه‌روه‌ها ستايشى په‌يوه‌نديى دێرين و مێژووييى نێوان كۆمارى ئيسلامى و هه‌رێمى كوردستانيان كرد."